رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو تۆمەتبار دەستڕێژی گولـلەیان لە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین کردووە و 30 گولـلە بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە. پۆلیس دەڵێ، زیانی گیانی نییە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین، نەقیب هاوڕێ جەلیل قادر، لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دەرچووندا بووە بەدوای راوی نایاساییدا، لە پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە کە ماتۆڕسکیلیان پێ بووە، تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەی کراوە و نزیکەی 30 گولـلەی پێوە نراوە."
عەقید سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت: "کاتێک تەقە کراوە نەقیب هاوڕێ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا نەبووە، دیارە ئامانجەکە گەیاندنی پەیامی هەڕەشە بووە نەوەکو خودی ئەفسەرەکە".
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە لە گەڕەکی شارەوانیی 2 لە کەلار لەبەردەم ماڵی نەقیب هاوڕێ روویداوە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە. ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا نەقیب هاوڕێ لە دادگەیە و سکاڵا تۆمار دەکات، ئێمەش بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران سوود لە کامێراکانی چاودێری وەردەگرین."
عەقید سۆران گوتی، ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقەی لێکراوە لە جۆری پیکابە و ئۆتۆمبێلی پۆلیسی داراستان و ژینگەیە و حکومییە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیاندا هاتووە، لە رووداوەکەدا نەقیب هاوڕێ جەلیل زیانی گیانی پێ نەگەیشتووە و تەنیا زیانی مادی بە ئۆتۆمبێلەکەی گەیشتووە.
نەقیب هاوڕێ جەلیل لە سۆشیال میدیا بەهۆی چالاکییەکانی بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی دەشتی گەرمیان بە 'راوچی راوچییەکان' ناوی دەهێندرێت، سەرەتای هاوینی ئەم ساڵ بڕیاری گواستنەوەی لە شوێنەکەی درا، دوای ناڕەزایی چالاکڤانانی گەرمیان، بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە.
نەقیب هاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری بەشی خانەقینە لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی. پاراستنی ژینگە و سرووشتی بەشێکی دەشتی گەرمیانی لە ئەستۆدایە، کە یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین ئاسکی تێدایە.
هاوڕێ جەلیل دوو ساڵە بەڕێوەبەری بەشی خانەقینە لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی گەرمیان.



