رووداو دیجیتاڵ
راگرتنی دەرماڵەی مەترسیی هەڵگرانی بڕوانامەی ئەندازیاری لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن بڕیارەکە "نایاساییە"، وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، راگرتنەکە لە دەسەڵاتی ئەواندا نەبووە و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەرکراوە.
مامۆستا زەهرا ئازاد، لە بەشی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئەیلوولەوە دەرماڵەی مەترسیی ئەندازیارانی خوێندنی باڵا بڕاوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی دەرماڵەکەیان راگیراوە زیاتر لە هەزار کەسە. ئەم بڕیارە بەبێ هیچ رێنمایی و پاساوێکی یاسایی دراوە، چونکە بەپێی یاسای ساڵی 2013 ئەو دەرماڵەیە بۆ ئێمە شایستەیەکی یاساییە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیاری راگرتنی دەرماڵەکە لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە دەرچووە، بەڵام لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
خوێندنی باڵا: بڕیاری وەزارەتی داراییە
لەبارەی هۆکاری راگرتنی ئەو دەرماڵەیە، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "راگیرانی دەرماڵەی مەترسیی هەڵگرانی بڕوانامەی پسپۆڕییە ئەندازیارییەکان، راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بووە و وەزارەتی ئێمە دەسەڵاتی تێدا نەبووە."
رادیۆی رووداو بە مەبەستی وەرگرتنی روونکردنەوە لەسەر هۆکاری راگرتنی ئەم شایستەیە، پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نووسراوێکی فەرمی لە 2ی تەممووزی 2026 رەزامەندیی دەربڕیبوو لەسەر بەردەوامبوونی خەرجکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ مامۆستایانی کۆلێژە ئەندازیارییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە پشووی هاوینەدا ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تاقیگە و کێڵگە ئەندازیارییەکانیان لەسەر بووە، تاوەکو لە مافەکانیان بێبەش نەبن.


