رووداو دیجیتاڵ
زیادبوونی سەگی بەرەڵڵا لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی، مەترسی لەسەر گیانی دانیشتووان دروستکردووە و لە رووداوێکیشدا منداڵێک لەلایەن سەگەوە پەلاماردراوە، لە بەرامبەردا شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت کە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەیان بەردەوامە.
زانیار، دانیشتووی گەڕەکی قڕگە لە سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر سەگی بەرەڵڵا لە نزیک مزگەوتی فەجر، ژیانی رۆژانەیان تێکچووە و ترسیان لە هاتووچۆکردن هەیە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "نزیکەی سێ هەفتە پێش ئێستا خوشکەزایەکم لەلایەن سەگەوە پەلاماردرا، بە پەلە گەیاندمانە نەخۆشخانە و دەرزیی دژە هاریمان لێ دا، تاوەکو تەندروستی پارێزراو بێت."
شارەوانی: سەردانی گەڕەکی قڕگە دەکەین
لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بۆ رادیۆی رووداو روونیکردەوە کە تیمەکانیان رۆژانە بەپێی بەدواداچوون و داواکاریی هاونیشتمانییان هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵڵا، دەشڵێت: "تیمەکانمان دەنێرینە گەڕەکی قڕگە و دەوروبەری مزگەوتی فەجر بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەم سکاڵایە بکەن."
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد لە کاتی دروستبوونی ئەم حاڵەتانەدا، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئاگادار بکەنەوە تاوەکو رێکاری خێرا بگیرێتەبەر.
ئەنجوومەن حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، شارەوانیی سلێمانی پەناگەیەکی تایبەتی بۆ ئاژەڵە بێلانەکان لەسەر رووبەری پێنج دۆنم دروستکردووە کە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە بەڕێوەدەبرێت؛ لەو پەناگەیەدا سەگەکان بەپێی تەمەن، رەگەز و باری تەندروستی پۆلێن دەکرێن و ژووری نەشتەرگەری و کۆگای خۆراکی تایبەتی تێدایە.

