رووداو دیجیتاڵ
دابان رەئووف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (فارادای) تایبەت بە دانانی پانێڵی هەتاوی لە سلێمانی دەڵێ، "ژمارەی ئەو ماڵانەی دەستبەرداری کارەبای 24 کاژێری دەبن و پشت بە سیستمی سۆلار دەبەستن روو لە زیادبوونە، بە جۆرێک تەنیا لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا 90 ماڵ لە شاری سلێمانی پانێڵی هەتاوییان لای کۆمپانیاکەی ئێمەوە بۆ دانراوە."
دابان رەئووف ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "تەنیا لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا پانێڵی هەتاویمان بۆ 109 هاوبەشی کارەبا داناوە و دەستبەرداری کارەبای 24 کاژێری بوون."
دابان رەئووف روونی کردەوە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا مانگانە 10 بۆ 15 سیستمی سۆلار بۆ ماڵەکان دادەنرا، بەڵام ژمارەکە لە دوو مانگی رابردوودا زیادی کردووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای (فارادای)، "ئەگەر پار سیستمی سۆلار بۆ خانوویەکی 100 مەتر دانرایە، تێچووەکەی پێنج هەزار دۆلار بوو؛ ئێستا تێچووەکەی بۆ 8 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە."
هاوکات رامان هونەر، بەڕێوبەری کۆمپانیای (جیهانی کارەبای سرووشتی) لە هەولێر بە رووداوی گوت، "دانانی سیستمی سۆلار لە نێو شار زیادیکردووە، بە جۆرێک تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا 300 ماڵ سیستمی سۆلاری لە لایەن کۆمپانیاکەمانەوە بۆ دانراوە. لەو ژمارەیەش 120 ماڵیان بە تەواوەتی کارەبای نیشتمانییان کوژاندووەتەوە و تەنیا پشت بە سۆلار دەبەستن."
رامان هونەر گوتی، "بەشی زۆری ئەو هاونیشتمانییانە سیستمی سۆلاریان داناوە تاوەکو مانگانە پارەیەکی کەمتر بدەن."
هاوکات ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (سۆلار هاوس) لە هەولێر بە رووداوی گوت، "تەنیا لەم مانگەدا 37 ماڵ، مارکێت و دەرمانخانە لە نێو هەولێر بە یەکجاری کارەبای نیشتمانییان کوژاندووەتەوە."
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە روونی کردەوە، ئەوانەی سیستمی سۆلار دادەنین دوو جۆرن، "بەشێکیان دۆخی داراییان باشە و پاتری و ئینفێکتەری زۆر دادەنێن و پێویستیان بە کارەبای نیشتمانی نامێنێت و دەیبڕن. جۆرەکەی دیکەش ئەوانەن کە سیستمی سۆلارەکەیان ناتوانێت بە تەنیا کارەبای 24 کاژێر دابین بکات و پێویستی بە کارەبای نیشتمانییە."
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە دراوەتە رووداو، 366 ماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە پشت بە سیستمی سۆلار دەبەستن، لەو ژمارەیە 15 ماڵیان بە یەکجاری کارەبای نیشتمانییان کوژاندووەتەوە.



