رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە کوردستان دەڵێ: "ئەرکی شەرعی و یاسایی حکومەتە لە هەر وڵاتێک بە کوردستانیشەوە کە مانگانە لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن مافی مووچەخۆرانی بە تەواوەتی بدات"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەرکی حکومەتە ئەو مووچانەی نەیداون یان پاشەکەوتی یەکلایەنەی بۆ کردوون، بە میکانیزمێکی گونجاو بگەڕێنێتەوە".
پ. د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە کوردستان لە وەڵامی پرسیاری مووچەخۆرێک لەبارەی ئەوەی کە بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی قەرزی کارەبا "ناخاتە بەر قەرزی مووچەی هاووڵاتییان بە رێکاری (مەقاسە)؟ دەڵێ: "ئەرکی شەرعی و یاسایی حکومەتە لە هەر وڵاتێک بە کوردستانیشەوە کە مانگانە لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن مافی مووچەخۆرانی بە تەواوەتی بدات، هەروەها ئەرکی حکومەتە ئەو مووچانەی نەیداون یان پاشەکەوتی یەکلایەنەی بۆ کردوون، بە میکانیزمێکی گونجاو - بەر لە هەموو کارێکی دیکەی- بگەڕێنێتەوە".
د. حەسەن موفتی لە درێژەی وەڵامەکەیدا دەڵێ: "ئەو مووچانە قەرز و دەینە لەسەری، بە هیچ بەهانەیەک نابێت فەرامۆشی بکات، لانیکەم پێویستە لەسەری قەرزی مووچەکانیان بخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و مووچەخۆرانیش لەبری قەرزی ئاو، کارەبا، زەریبەی ئەرزە و خانوو ..هتد، لەو رێگەوە قەرزەکانیان بدەنەوە بە حکومەت کە ئەرکی ئەمانیشە ئەوە جێبەجێ بکەن، هەتا کۆی قەرزەکانیان هەردوولا تەواو دەبێت".



