رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیر کردووە، کە بە تەقەکردن لە شوقەکانی ئیسکان تۆمەتبارن و ویستوویانە لە هەولێر هەڵبێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە گەڕەکی ئێسکانی شاری هەولێر، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ص. ف. م.) و (ر. أ. م.) بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاووڵاتییەک کە نیشتەجێی شوقەکانی ئیسکان تاوەرە، ئاژاوە و پشێویان دروست کردووە و دەستڕێژی گوللەیان لە شوقەکان کردووە".
ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی کاتی رووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، کە دوو کەس لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت دێنە خوارەوە و هەردووکیان لە بەردەم شوقەکانی ئیسکان تاوەر بە دەمانچە تەقە بە ئاسماندا دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمی تاوانەکانی ئاسایش و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان، هەردوو تۆمەتبارەکەیان لە کاتی هەڵاتن بۆ دەرەوەی شاری هەولێر دەستگیر کردووە.
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەی لە رووداوەکەدا بەکارهێندراوە. ئاسایش دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان ئاراستەی دادگە کراوە.