رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم دانیشتنیدا، دادگە بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانیی تاهەتایی بەسەر بکوژی سێ هاووڵاتییەکەی بەنزینخانەی شێر لە شاری هەولێر دەرکرد؛ پارێزەرێکی کەیسەکەش دەڵێ، تاوانبار لە دادگە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، زانا سەعید روستایی، پارێزەری یەکێک لە قوربانییە عەرەبەکان و قوربانییە کوردەکەی رووداوی بەنزینخانەی شێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکەدا، بکوژی ئەو سێ کەسەی لە بەنزینخانەی شێر بە دەستڕێژی گولـلە کوژران، بە دوو سزای لەسێدارەدان بەرامبەر کوشتنی هەردوو هاووڵاتییە عەرەبەکە و سزایەکی زیندانیی تاهەتایی بۆ کوشتنی هاونیشتمانییە کوردەکە سزادرا."
لەبارەی بەڵگەکان و رەوتی دانیشتنەکە، ئەو پارێزەرە گوتی: "سەرجەم بەڵگەکان حاشاهەڵنەگر بوون و تۆمەتبار خۆیشی لە بەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا نا و هیچ نکۆڵییەکی لێنەکرد و گوتی کە پەشیمانە".
بە گوتەی زانا سەعید، "دادگەی تاوانی سێ هەولێر بەپێی فەقەرە یەکی مادەی 406 بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە دەرکردووە."
رووداوەکە چۆن بوو؟
رووداوەکە شەوی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025 لە بەنزینخانەی شێر لە شاری هەولێر روویدا. کاتێک دەمەقاڵێ لەنێوان کارمەندێکی بەنزینخانەکە و دوو لە کڕیاران دروستبوو، کە هەردووکیان بە رەچەڵەک عەرەب بوون، کارمەندی بەنزینخانەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گولـلەی کرد، لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتییەکە کە بۆ کڕینی بەنزین چووبوون و هاووڵاتییەکی دیکەش کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوو، گیانیان لەدەستدا.




