رووداو دیجیتاڵ
کەرتی بەخێوکردنی ماسی لە شارۆچکەی تەقتەق تووشی قەیرانێکی گەورە بووە؛ نرخی ماسی زیاتر لە 50٪ دابەزیوە و قایمقامی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، لە بازگەکانی عێراق رێگری لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان دەکرێت و پێدانی مۆڵەتیش لە 500ـەوە بۆ تەنیا 25 پڕۆژە دابەزیوە.
ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمساڵ کەمترین مۆڵەتمان داوە، لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو 100 بۆ 500 مۆڵەت دەدرا، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 25 مۆڵەت دراوە و چەندین وەبەرهێنیش بەهۆی گرانیی تێچووی گاز و ئالیکەوە پڕۆژەکانیان راگرتووە."
کیلۆیەک ماسی لە 8000 دینارەوە بۆ 3500 دینار دابەزیوە
قایمقامی تەقتەق لەبارەی دابەزینی نرخەکانەوە گوتی: "پار کیلۆی ماسی بە 8,000 دینار بوو، کەچی ئەمساڵ بۆ 3,500 دینار دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ماسیی تەقتەق بەهۆی پاکیی ئاوەکەی کە راستەوخۆ لە زێی بچووکەوە دێت خاوەن کوالیتی و تامێکی ناوازەیە."
سەبارەت بە نەخۆشییەکان، قایمقام ئاماژەی بەوە کرد نەخۆشیی کەڕوو لە حەوزەکاندا سەریهەڵدا، بەڵام توانرا بە زوویی کۆنتڕۆڵ بکرێت و رێگری لە زیانی گەورەتر بگیرێت.
ئاسۆ مستەفا ئاشکرای کرد کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی ئەم کەرتە، رێگرییەکانی حکومەتی فیدراڵە لە بازگەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ناهێڵن ماسیی هەرێمی کوردستان ببرێتە خواروو و ناوەڕاستی وڵاتەکە یان پارەی زیادەیان لێ دەستێنن. گوتیشی: "لە لایەکی دیکەشەوە رێگە دراوە ماسیی ئێران بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە ماسیی خۆماڵی هاوردەی عێراق بکرێت، ئەمەش وایکردووە بەرهەمی ناوخۆ نەتوانێت رکابەری بکات و زیانی گەورە بەر بەرهەمهێنەرانی تەقتەق بکەوێت."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسییە، زۆرینەی بەرهەمی نێوخۆیە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بە شێوەی زیندوو و بەستوو هاوردە دەکرێت.
بەپێی ستانداردی جیهانی، هەر تاکێک ساڵانە پێویستە 16 کیلۆ و نیو ماسی بخوات، لەسەر ئەو بنەمایەش بەڕێوەبەراییەتی سامانی ئاژەڵ پێویستیی نێوخۆ دیاری دەکات.


.webp&w=3840&q=75)

