ئەستێرە غازی
رووداو
لەگەڵ زیادبوونی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی، ماسی لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و بەدوای ئەوەشدا نرخەکەی دابەزیوە. هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی هەناردەکردنی ماسی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامن.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان لە 30,000 تۆن زیاترە، ئەمەش هەرێمی کوردستان لە سەربەخۆیی بەرهەمهێنان و داهاتی ماسی نزیک دەکاتەوە.
حەسۆ ئیبراهیم ئەحمەد، شارەزا لە بواری سامانی ماسی و نەخۆشییەکانی، بە (رووداو)ی گوت: زیادبوونی ماسی، رێگریکردن لە هەناردەکردنی بۆ باشووری عێراق و هاوردەکردن لە ئێرانەوە، هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخن.
بەپێی گوتەکانی حەسۆ ئیبراهیم، ئێستا ماسی نزیکەی دوو هێندەی پێشووە و نرخەکەی بەپێی جۆر و کواڵێتی لە نێوان 2,500 بۆ 4,000 دینار بۆ هەر کیلۆگرامێک دەگۆڕێت.
حەسۆ هەروەها باسی لە زیادبوونی نەخۆشییەکانی ماسی کرد و گوتی: "جۆرەکانی نەخۆشی لەوانە مشەخۆر، بەکتریا و ڤایرۆسین و بەپێی وەرز و کات جۆری نەخۆشییەکە دەگۆڕێت." ئەو پێی وایە نەبوونی رێنمایی و چاودێریی پێویست، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەندێک نەخۆشی، بۆیە بۆ گەشەپێدانی ئەم بوارە رێکخراوێکیان بە ناوی (کارب) دامەزراندووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ: هەناردەکردن بۆ باشووری عێراق دەستپێدەکات
بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە (رووداو)ی گوت: "بەرهەمی ماسی ئەم ساڵ زیاد بووە، بەڵام دابەزینی نرخەکە بابەتێکی نوێ نییە و زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە."
هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان کرد و گوتی، گرانبوونی ئالیک و کاریگەرییە ئابوورییەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، کاریگەرییان لەسەر تێچووی بەخێوکردنی ماسی هەبووە.
سەبارەت بە نەخۆشییەکانیش، بێستوون نەجمەدین دەڵێ: "هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە کە نیشانەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی زۆر هەبێت. نەخۆشییەکانی ماسی بە شێوەیەکی سرووشتی لە هەندێک وەرزدا دووبارە دەبنەوە."
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا بوون و رەزامەندیی سەرەتایی بۆ هەناردەکردنی ماسی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەرگیراوە. "تەنیا هەندێک کاری رۆتینی ماوە و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، هەناردەکردنی ماسی لەلایەن وەزارەتەوە و بە مەرج و بڕوانامە پێویستەکان دەستپێدەکات."
بێستوون نەجمەدین گوتیشی، "ئێستا هەرێمی کوردستان رێگەی هەناردەکردنی گۆشتی سوور، مریشک و هێلکەی هەیە، چونکە پێشتر لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو بابەتە رێککەوتن کراوە."
بەپێی داتاکان، بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 37,000 تۆن لە ساڵێکدا.


