رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ، سەنتەری پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی لە زانکۆی کوردستان - هەولێر، دەستپێکردنی پرۆسەی ناونووسین بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی خولی پێداگۆجی رادەگەیێنێت کە تایبەتە بە بەدەستهێنانی ناسناوی زانستی.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی خوازیارانی کردووە، دەڵێت: "سەنتەری پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی لە زانکۆی کوردستان - هەولێر، ئاگاداری سەرجەم هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر دەکاتەوە کە ئێستا دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی پێداگۆجی بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی زانستی."
سەبارەت بە وادەی خۆتۆمارکردنەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پڕۆسەکە لە 6-10-2026 دەستی پێکردووە و تاوەکو 12-10-2026 بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەکات، بۆ خۆتۆمارکردن و زانینی مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە خولەکە، سەردانی بەستەری ئەلیکترۆنیی فەرمیی زانکۆکە بکەن.
خولی پێداگۆجی چییە؟
ئەم خولە راهێنانی ئەکادیمی و پیشەییە، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە رێکدەخرێ، بە ئامانجی پێگەیاندن و ئامادەکردنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بۆ پیشەی وانەگوتنەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکان.
ئەم خولە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی زانستی و رێگەپێدانی فەرمی بۆ وانەگوتنەوە.



