رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی هەڤاڵانی دوو لە ناحیەی رزگاری سەر بە پارێزگای هەولێر داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن پێش هاتنی وەرزی زستان کێشەی گەڕەکەکەیان چارەسەر بکەن. سەرۆکی شارەوانیی ناحیەکە دەڵێ، بەدواداچوونی راستەوخۆ بۆ کێشەکە دەست پێ دەکات.
رازی ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی هەڤاڵانی دوو لە ناحیەی رزگاری لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی، "لە ساڵی 2005ەوە زەوییەکانی ئەم گەڕەکە دابەش کراون و نزیکەی 30 تاوەکو 40 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی وەک ئاوی خواردنەوە و تۆڕی کارەبای نییە، بە جۆرێک کە هاونیشتمانییان خۆیان ستوونی کارەبایان کڕیوە. لە وەرزی هاویندا بەهۆی خۆڵ و تۆز و لە زستانیشدا بەهۆی قوڕ و مەترسیی لافاوەوە ناتوانین هاتووچۆ بکەین و ژیانمان تاڵ بووە."
ئەو هاونیشتمانییە داوای کرد، ئەگەر بە تەرخانکردنی بودجەش نەبێت، ئەوا لە رێگەی ئامێرەکانی شارەوانییەوە، لانیکەم چاڵوچۆڵی کۆڵانەکانیان بۆ چاک بکرێ، تاوەکو لە وەرزى بارانباریندا رێگەی هاتووچۆیان ئاسان بێت.
رێباز قاسم، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رزگاری لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو باسی لە گرفتەکانی ئەو گەڕەکە کرد و گوتی، "داواکاریی هاونیشتمانییانی گەڕەکی هەڤاڵانی دوو رەوایە، بێگومان کەموکوڕیی خزمەتگوزارییان هەیە. هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی کارەکانیش بۆ گرفتی دارایی و راگیرانی بودجەی پرۆژەکان و نەبوونی ئامێری پێویست لە شارەوانیمان دەگەڕێتەوە."
سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رزگاری ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کرد و گوتی، "چەندین جار بە نووسراوی فەرمی داوای دابینکردنی ئامێرمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر کردووە. هەوڵی زیاتر دەدەین تاوەکو ئامێری پێویستمان بۆ بنێرن و پێش هاتنی وەرزی زستان بەدەم داواکاری دانیشتووانی گەڕەکەکە بچین و رێگەسازی و کەموکوڕییەکانیان بۆ چارەسەر بکەین."



