رووداو - دیجیتاڵ
لە سنووری دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ماوەکانی رابردوودا 14 کەس بەهۆی بڕینی نایاسایی دارستانەکان دەستگیرکران؛ قایمقامی چۆمانیش رایدەگەیێنێت، کەسانی سەرپێچیکار تەنیا خەڵکی ناوچەکە نین، بەڵکو لە دەرەوەی دەڤەرەکەشەوە هاتوون.
ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 14 کەسمان لە چوار ناحیەکەی دەڤەری باڵەکایەتیدا بەهۆی بڕینی دار دەستگیرکردووە، هاوکات دەست بەسەر سەرجەم کەرەستە و ئەو ئامێرانەشدا گیراوە کە بۆ داربڕین بەکاریانهێناوە."
قایمقامی چۆمان گوتیشی: "مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوام لە ئەرکدان و چاودێریی ناوچەکە دەکەن، لە هەر شوێنێک داربڕین هەبێت، دەستبەجێ تۆمەتباران دەستگیر دەکرێن و رادەستی دادگە دەکرێن تا بەپێی یاساکانی پاراستنی ژینگە سزای خۆیان وەربگرن."
سەبارەت بە پاساوی ئەو کەسانەی دارەکان دەبڕنەوە، ئەحمەد بارزان ئاماژەی بەوە کرد: "بەشێکیان بە پاساوی نەبوونی سووتەمەنی بۆ وەرزی زستان یان پاککردنەوەی باخەکانیان دەستیان بۆ بڕینەوەی دارەکان بردووە، بەڵام ئەو دارانەی دەبڕدرێنەوە دارستانی سرووشتین و تەمەنیان زۆرە؛ تەنانەت دار هەیە تەمەنی 50 ساڵە و بڕدراوەتەوە."
بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە عێراق (یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2009)، بڕینەوەی دارستانەکان و درەخت لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ مۆڵەتی فەرمی بە تەواوی قەدەخەیە، سزاکانیش بەپێی قەبارەی پێشێلکارییەکە زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی لەخۆدەگرن.


