رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار کەس بە تۆمەتی بڕینی داری سرووشتی دەستگیرکران. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، سزای بڕینی دار زیندانیکردن و پێبژاردنە بە پارە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە سنووری مێرگەپان بە تۆمەتی بڕینی داری سرووشتی چوار کەس دەستگیرکران، کە 186 داری بەڕوویان بڕیوەتەوە".
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادوەر بەگوێرەی تەمەن و جۆری دارەکە و تەنانەت ئەو ئامێرەش کە بڕینەکەی پێکراوە، سزاکان دیاری دەکات، کە سزاکانیان دەکرێت مادی و زیندانیکردنیشی تێدا بێت".
تۆمەتبارەکان لە گوندی یاخسەمەر دارەکانیان بڕیوە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە گوتی: "دارەکان تەمەنیان لە 15 بۆ 20 ساڵ بووە."
بەپێی ماددەی 21 لە یاسای دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینی دار لەنێوان سێ ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبێت و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.


