رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دابینکردنی سیستمی کارەبای سۆلار بۆ 18 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی کە پێویستییان بە ئۆکسجینی بەردەوامە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی پارێزگاکەش دەڵێ، ئەگەری هەیە ژمارەی سوودمەندبووان زیاد بکات.
رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد شەریف، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆکایەتیی دیوان لە 22ـی ئەیلوولی 2026، بڕیاری دابینکردنی کارەبای سۆلار بۆ 18 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی دەرچوو."
بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە باسی لەوە کرد، کە لە ساڵی 2025 پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو کارەبای 24 کاژێری بە بێبەرامبەر بۆ ئەو بەرکەوتووانەی چەکی کیمیایی دابین بکرێت، لەبەر ئەوەی بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە پێویستە هەمیشە ئامێری ئۆکسجینیان کار بکات.
بە گوتەی ئومێد شەریف، دوای داواکاریەکەی پارێزگاری هەڵەبجە، لیژنەیەکی تەندروستی بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و پێویستیی ئەو هاووڵاتییانەی بۆ کارەبای بەردەوام پشتڕاست کردەوە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە گوتی، کە ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی ئاراستەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەڵەبجە کردووە تاوەکو دەست بە رێکارەکان بکرێت، دوای تەواوبوونی هەندێک رێکاری کارگێڕیش دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە. گوتیشی: "داوا کراوە ناوەکان دڵنیا بکرێنەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ژمارەی سوودمەندبووان لەو 18 کەسە زیاد بکات."
هاوکات لە راگەیێندراوێکدا، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی دیوان کرد بۆ بەدەمەوەهاتن و پاڵپشتییان لە پێناو خزمەتکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە سنووری پارێزگاکە.
لە 16ی ئاداری 1988 دەسەڵاتی بەعس شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرد و زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەھیدبوون و 10 هەزار کەسی دیکەش بریندارکران و چەندەھا منداڵیش ونبوون.




