رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە سەگی بەرەڵا لە شەقامی (حەدید و خەشەب) لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر، ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی گەڕەکەکە دروستکردووە، بەتایبەت ئەو کاتانەی لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن کۆدەبنەوە.
دانیشتووانی گەڕەکەکە داوای چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە دەکەن بۆ پاراستنی ژیانی منداڵەکانیان. بەرپرسانی تیمی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر رایدەگەیێنن، رۆژانە دوو تیمی مەیدانی لە بەیانییەوە تاوەکو نیوەشەو سەگەکان کۆدەکەنەوە.
دانیشتووانی گەڕەکی شۆڕش ئاماژە بەوە دەکەن، لە بەیانیی زوو و ئێواراندا هاتووچۆکردن بەو شەقامەدا بووەتە مەترسی، چونکە گەلە سەگ پەلاماری هاونیشتمانییان دەدەن. هاوکات بوونی دواناوەندیی شۆڕش و قوتابخانەی کاژیک لەو ناوچەیەدا، ترسی کەسوکاری قوتابییان زیاترکردووە لە ئەگەری پەلاماردانیان.
حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شێڵتەری کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی: "ئێمە رۆژانە هەڵمەتی بەردەواممان هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵا لە سەرتاسەری شار. بەهۆی کردنەوەی قوتابخانەکانەوە بەرنامەی کارکردنمان فراوانتر کردووە، بە جۆرێک رۆژانە دوو تیممان دەچنە گەڕەکەکان و 10 بۆ 15 سەگ دەگرن و رادەستی پەناگەی دەکەن."
بەرێوەبەری شێڵتەری کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵا گوتیشی، ئەو سەگانە لەگەڕەکەکان هەن، شوێنیان دەگۆڕن، بەڵام بەداداچوون بۆ گلەیی دانیشتووانی گەڕەکی شۆڕش دەکەین و تیمەکانمان بەدواداچوونی بۆ دەکەن.



