رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بان سیتی لە شاری کەلار، بەهۆی تەواونەکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و نەبوونی یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ و قوتابخانە، گردبوونەوە. لە کاتێکدا دانیشتووانی پڕۆژەکە داوا دەکەن وەرگرتنی قیستی یەکەکان رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیا سەرجەم بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیانیش رایدەگەیێنێت، چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆ دەستیپێکردووە و دیزاینی دروستکردنی قوتابخانەکەش پێشکێشکراون.
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (بان سیتی) لە شاری کەلار کە سەدان خێزانی تێدا نیشتەجێیە، بە گوتەی دانیشتووانەکەی، لە چەندین خزمەتگوزاریی سەرەتایی بێبەشە. نەبوونی یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆی پرۆژەکە بۆنی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە و، بووەتە هۆی بێزارییەکی زۆر بۆ خێزانەکان، هاوکات نەبوونی قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، بنکەی ئاگرکوژێنەوە و سیاجی پڕۆژەکە گرفتی گەورەی بۆ دروستکردوون.
سامان عەزیز، یەکێک لە نوێنەرانی دانیشتووانی پڕۆژەی بان سیتی، بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە کاتی خۆی کۆنووسێکی فەرمیمان نووسی، لە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی کەلار واژۆ کرا، تاوەکو کۆمپانیا ناچار بکرێت خزمەتگوزارییەکان تەواو بکات، بەڵام هیچ حسابێکی بۆ نەکرا. نزیکەی 4 ساڵە خەڵک لەم پڕۆژەیە و هێشتا وێستگەی پاڵاوتن و چارەسەری ئاوەڕۆ دروست نەکراوە، قوتابخانە نەکراوە، بنکەی تەندروستی و بەرگریی شارستانی دەستی پێنەکراوە و چینی دووەمی قیرتاوی نێو پڕۆژەکە تەواو نەکراوە. ئێمە بە فەرمی داوا دەکەین قیستی یەکەکان بە تەواوی رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی خزمەتگوزارییەکان تەواو دەکرێن."
ئەو نوێنەرەی دانیشتووان ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی بەشداربووان نزیکەی 60%ـی پارەی یەکەکانیان داوە و گوتیشی: "ئێمە سەردانی قایمقامیەتمان کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە قایمقامیەتی کەلار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنانی گەرمیان ئەنجام بدرێت تاوەکو ئەم کێشەیە یەکلا بکرێتەوە."
هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو وەڵامی داواکارییەکانی دایەوە و گوتی: "ئاگاداری گردبوونەوەی دانیشتووانی پرۆژەکەین، لەبارەی چارەسەری ئاوەڕۆ و ئاوی قورس، کۆمپانیا دەستی بە کار کردووە، بەڵام پرسی دروستکردنی قوتابخانە و دایەنگە بەهۆی کێشەی دیزاین و نەخشەسازیی ئەندازیارییەوە بوو کە لە نووسینگەیەکی هەولێر کاریان لەسەر دەکرد، پاشان رێکارە ئیدارییەکان کاتیان ویست و ئێستا تێبینییەکان گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی رادەستی کۆمپانیا بکرێن."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان لەبارەی تێچووی قوتابخانەکەش روونکردنەوەی دا و گوتی: "بەپێی بنەمای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، دروستکردنی قوتابخانە و دایەنگە لە بنەڕەتدا لەسەر نرخی ئەو خانووانە ئەژمار نەکراوە کە دراونەتە هاووڵاتییان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بڕیارمان داوە کۆمپانیا پابەند بکرێت بە دروستکردنیان. بەشێکی دانیشتووان قەیرانی دارایی، دواکەوتنی مووچە و سستبوونی بازاڕ دەکەنە پاساو بۆ دانەوەی قیستەکان، لە کاتێکدا پێویستە هەردوولا بەپێی یاسا و گرێبەستەکان مامەڵە بکەن."



