رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەمشەو وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین کۆتایی دێت و کاتەکەی درێژ ناکرێتەوە. رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەراگەیێندراوێک دا نووسیویەتی: "کاژێر 12:00ـی ئەمشەو وادەی پێشکەشکردن بۆ زانکۆلاین بۆ دەرچووانی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لەرێگەی وێبسایتی (regayzanko.com) کۆتایی دێت و وادەکەی درێژ ناکرێتەوە." وەزارەتی خوێندنی باڵا پەیامێک ئاراستەی ئەو خوێندکارانە دەکات کە هێشتا فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە و دەڵێت: "دەتوانن تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو فۆڕمی زانکۆلاین تەواو بکەن و لەرێگەی سیستمەکەوە بینێرن." سەبارەت بەخوێندنگە نێودەوڵەتی و پیشەییەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانیش هاوشێوەی دەرچووانی دیکە دەتوانن لەو چەند کاژێرەی ماوە فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە. رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2026، سیستمی زانکۆلاین لەهەرێمی کوردستان کاراکرا و 24ـی ئەیلوول وادەکەی کۆتاییهات، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بەخوێندکاران وادەکەی بۆ ماوەی 48 کاژێر واتە ئەمشەو کاژێر 12:00 درێژ کردەوە. بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوانەی ئەم ساڵ مافی داواکردنی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە 30 هەزار و 847 یان دەرچووی بەشی زانستی، 7 هەزار و 923 دەرچووی وێژەیی، 1240 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
هەواڵە ناوخۆییەکان26-09-2026دووکەڵی کێبڵی سووتێنراو کێشەی بۆ دانیشتووانی نزیک کۆرنیشی هەولێر دروست کردووە