رووداو دیجیتاڵ
زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی) لە جیهانی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژیادا دەستکەوتێکی نوێی تۆمارکرد و لە ستانداردی نێودەوڵەتیی یونیکۆددا گەیشتە ئاستی بنەڕەتی، ئەوەش زمانی کوردی لە ریزبەندیی جیهانیدا بەسەر 15 زماندا پێشخست.
بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتاکانی زمانی کوردی لە رێڕەوی (CLDR) دەکەین. خۆشبەختانە توانیمان شێوەزاری سۆرانی بگەیەنینە ئاستی بنەڕەتی و پێگەکەی لە ریزبەندییەکەدا بەسەر نزیکەی 15 زمانی دیکەی جیهاندا سەربخەین."
رێکخراوی یونیکۆد کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ئەمریکایە، دامەزراوەیەکی قازانجنەویستە و کار لەسەر بەدیجیتاڵکردنی زمانەکانی جیهان دەکات.
سوودی ئەم دەستکەوتە چییە بۆ هاونیشتمانییان؟
پڕۆژەی بنکەدراوەی زمانیی یونیکۆد، سەرچاوەی سەرەکیی سەرجەم کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای جیهانە (وەک ئەپڵ، گووگڵ، مایکرۆسۆفت و سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس).
لەبارەی گرنگیی ئەم هەنگاوە بۆکان جاف گوتی، "زۆربەی کۆمپانیاکانی جیهان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی زمان، پشت بە داتاکانی یونیکۆد دەبەستن. گەیشتنی کوردی بەم ئاستە واتە سەرجەم رێکخستنە بنەڕەتییەکانی وەک رێککەوت و رۆژژمێر، کاژێر، ژمارەکان، ناوی وڵات و زمانەکان، بزوێنەرەکانی گەڕان و کیبۆرد، بەشێوەیەکی فەرمی و ستاندارد لەلایەن سیستمە جیهانییەکانەوە بە کوردی دەناسرێن و پشتیوانییان لێ دەکرێ."
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە، بۆکان جاف باسی لەوە کرد کە دوای قۆناخێک لە کارکردن، رێکخراوی یونیکۆد داوای کردووە پڕۆژەکە تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵی تاکەکەسیدا نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستی بە دامەزراوەیەکی فەرمی یان ناوەندێکی ئەکادیمییە تاوەکو لەڕووی زانستی و زمانەوانییەوە پێداچوونەوە و پەسندی بکات بۆ ئەوەی متمانەی تەواوی پێببەخشرێت.
بۆکان جاف گوتی، "زانکۆی جیهان و بەڕێز هاتە سەر خەت و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ سەرپەرشتی و پاڵپشتیکردنی تەواوی پڕۆژەکە."
لە ستانداردی یونیکۆددا، پێشکەوتنی زمانەکان بەپێی چەند قۆناخێک پۆلێن دەکرێ. خاوەنی پڕۆژەکە و دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ ئەوەی دوای بەدەستهێنانی ئاستی، کار لەسەر کۆکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی زیاتری داتاکان بکەن تا لە ئایندەیەکی نزیکدا زمانی کوردی بگەیەننە ئاستەکانی سەرەوە و لوتکەی ریزبەندیی تەکنەلۆژیای جیهانی.



