رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاو کردەوە. کەشناسێک پێشبینی دەکات، لە سێشەممەوە گەرما نزیکەی 7 پلە دابەزێت و سەرەتای مانگی داهاتوو یەکەم بارانی گشتگیری ئەم وەرزەی بارین ببارێت.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سبەیەوە تاوەکو دووشەممە، ئەگەری کەمێک بارانبارین هەیە لە خۆرئاوا و باکووری هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناوچەکانی دەڤەری بادینان، بەڵام پلەی گەرما تاوەکو ئەو کاتە وەکو ئێستا بەرز دەبێت".
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا پێشبینی دەکات و دەڵێ، "لە سێشەممەوە بارستە هەوایەکی سارد دەگاتە تورکیا و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ گەرما نزیکەی 7 پلەی سیلیزی دادەبەزێ".
لەبارەی یەکەم بارانی گشتگیری ئەم وەرزەی بارینەوە لوقمان موفتی پێشبینی کرد، "سەرەتای مانگی 10 ئەگەری بارانی گشتگیر هەیە و رێژەکەی زۆر نابێت لەو شەپۆلەدا، بەڵام نیشانەیەکە بۆ پاییزێکی باراناوی".
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرما "نزیک دەبێتەوە" لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی
دهۆک: 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 39 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 37 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 28 پلەی سیلیزی
سۆران: 36 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی


