رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان سیستمێکی نوێی بۆ دابەشکردنی بەنزین راگەیاند؛ بەپێی سیستمەکە دابەشکردنی بەنزین دەکرێتە سێ رۆژ و مەرجە شۆفێر کارتی زانیاریی دەربەندیخانی پێبێت، بە پێچەوانەوە بەنزینی پێنادرێت.
ئامانج محەممەد لە قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ بنبڕکردنی قەرەباڵخی و گوشاری بەردەم بەنزینخانەکان، شێوازی دابەشکردنی بەنزین لە قەزاکە گۆڕدراوە، تاوەکو هاونیشتمانییانی شارەکە بە شێوەیەکی هاوسەنگ سوود لە پشکی بەنزینی دیاریکراو وەربگرن."
ئەو بەرپرسە لە قایمقامیەتی قەزاکە ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمەکە دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی بەنزین ئەوەیە شۆفێر کارتی زانیاریی دەربەندیخانی پێبێت، یاخود دانیشتووی شارەکە بێت؛ بە پێچەوانەوە هیچ بڕە بەنزینێکی پێ نادرێت.
بەپێی راگەیێندراوەکەی قایمقامیەت، سیستمی نوێی دابەشکردنەکە بەم شێوەیە دەبێت:
- رۆژی یەکەم: بەنزین تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارەی تایبەت (جووت و تاک پێکەوە) دەبێت.
- رۆژی دووەم: تایبەت دەبێت بە ئۆتۆمبێلەکانی (تەکسی، پاس و شۆفێرانی ئافرەت).
- رۆژی سێیەم: بەنزین بەسەر ئۆتۆمبێلەکانی (بێسەرەتا، ئاڕم و ماتۆڕسکیلی سێ تایە) دابەش دەکرێت.
لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان داوا لە سەرجەم هاونیشتمانییان و شۆفێران دەکات، پابەندی ئەم خشتەیە بن و لە هەر سەرپێچییەک دووربکەونەوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە.


