رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو سیستمی GPS لەناو پاسی خوێندکاران دادەنرێت، کەسوکاری خوێندکاران دەتوانن ئاگاداری چوون و هاتنی خوێندکارەکانیان بن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، جەمیل کۆچەر، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: هەفتەی داهاتوو سیستمێکی پێشکەوتوو و GPS لەناو پاسی گواستنەوەی خوێندکاران دادەنرێت، کەسوکاری خوێندکاران لەرێگەی نامەوە ئاگاداری کاتی چوون و هاتنی خوێندکارەکانیان دەبن. جەمیل کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، سیستمەکە بەجۆرێکە کاتێک پاسەکان دەگەنە بەردەم ماڵی خوێندکارەکە و سەردەکەوێت، بە نامەیەک کەسوکارەکەی ئاگادار دەکرێتەوە، هاوکات لەکاتی گەیشتنی پاسەکەش بۆ خوێندنگەکە جارێکی دیکە کەسوکاری خوێندکارەکە ئاگادار دەکرێتەوە. بەگوێرەی بڕیارەکە هەر پاسێک لە سلێمانی هاتووچۆ بە خوێندکاران بکات دەبێت GPSـی تێدابێت. بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت: "شۆفێرەکان دەبێت سەرەتا بچنە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە و تاوان و ئەستۆپاکی خۆیان بکەن، ئەوکات GPS بۆ پاسەکانیان دادەنرێت." پێشتر بەشێک لە کەسوکاری خوێندکاران گلەییان لەسەر شێوازی گواستنەوە و هاتن و چوونی پاسی خوێندکاران هەبوو، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، دانانی سیستمەکە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەکات. بەرێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن باس لەوە دەکات، پێشتر بەشێک لە شۆفێرانی پاسەکان کاتێک خوێندکاریان دەگواستەوە، ئەگەر دەرفەتیان نەبووایە بە شۆفێرێکی دیکەیان دەگوت خوێندکاران بهێنێتەوە، بەڵام ئەم سیستمە رێگە بەوە نادات، خوێندکار لەگەڵ ئەو شۆفێرە دەڕواتەوە کە پێشتر بردوویەتی بۆ خوێندنگەکە. پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانی بەنیاز بوو GPS لە داشبۆردی پاسەکان ببەستێت، بەڵام شۆفێری پاسەکان بەبیانووی پێشێلکردنی ئازادیی تاک و گواستنەوەیان رازی نەبوون، بەڕێوەبەری گواستنەوە دەڵێت: "سیستمەکە لە GPSـی ناو مۆبایلی شۆفێرەکە دەبەسترێت، سەرجەم جموجووڵەکانی لەکاتی کارەکەیدا لەژێر چاودێری دەبێت." بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، مانگی رابردوو پرۆژەکە لەسەر ژمارەیەک پاس و کەسوکاری خوێندکاران بەئاگاداری هێزە ئەمنییەکانی شارەکە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە. سەبارەت بە گلەیی بەشێک لە شۆفێران، جەمیل کۆچەر رایگەیاند، پرۆژەکە بەسەرپەرشتیی هێزە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و گەیاندن کراوە و هەفتەی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت و هیچ ناڕەزایەتییەک قبووڵ ناکەین. بەگوێرەی پرۆژەکە هەر شۆفێرێک هاتووچۆ بە خوێندکاران بکات، رۆژانە سیستمەکە ناو و تەمەن و ژمارەی شۆفێرەکە بۆ کەسوکاری خوێندکاران دەنێرێت و هەر پێشێلکارییەک هەبێت راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ شۆفێرەکە دەکرێت. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رووداو دەستی کەوتوون، زیاتر لە 1200 پاسی خوێندکاران لە شاری سلێمانی هاتووچۆ بە خوێندکار دەکەن.
هەواڵە ناوخۆییەکان23-09-2026هاتووچۆی هەولێر لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەک: بێسەرەتا بووە
هەواڵە ناوخۆییەکان23-09-2026پەروەردەی دەوروبەری هەولێر دەنگۆی نەبوونی بەڕێوەبەر لە قوتابخانەیەک رەتدەکاتەوە