رووداو دیجیتاڵ پاییز هات و وەرزی گوێزتەکاندنە؛ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران دەڵێت، ئەم ساڵ گوێز زۆرە، مەزەندە دەکەن لە نێوان 750 بۆ 900 تۆن بێت. ئەمڕۆ دووشەممە 21-9-2026 کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: "سیاسەتی ئێمە و وەزارەتمان، پاڵپشتیکردنی باخەوانەکانە لە رێگەی بە بازاڕکردن و ناساندنی بەرهەمەکانیان لە فێستیڤاڵەکان و قەدەخەکردنی بەرهەمی هاوردە؛ کە بەشی پێویستیی ناوەخۆ پڕنەکاتەوە." سەبارەت بە گوێزی ئەم ساڵ، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران، ئەم ساڵ گوێز زۆرە و بە 750 بۆ 900 تۆن مەزندە دەکرێ. هەر ئەمڕۆ تەحسین ئاکۆیانی، باخەوانی نموونەیی رواندز بە رووداوی گوت: "گوێز بە تۆن مەزندە ناکرێ؛ لەبەرئەوەی هیچ باخێکی گوێزی کوردستان تۆمار نەکراوە. دارەکان بەهەڕەمەکین و سروشتی ماونەتەوە." لەبارەی بەراوردی بەروبوومی گوێزی ئەم ساڵ بە پار، ئەو باخەوانە نموونەییە گوتی: "پار تەزرە و سەرما هەبوون؛ هاوکات ڤایرۆسێکیش لە گوێزی ناوچەکەی دا و لەنێوی برد؛ ئەم ساڵ کەشەکە باشتر بوو، گوێز سێ هێندەی پارە." سەبارەت بە نرخی گوێز، تەحسین ئاکۆیانی دەڵێ، "گوێزی هاوردە 1000 دانەی بە 35 هەزارە، بەڵام گوێزی خۆمانە بە سەرووی 100 هەزار دینار دەستپێدەکات. واتا گوێزی هاوردە لە بەها و نرخی گوێزی خۆماڵی کەم ناکاتەوە." خاک و کەشوهەوای کوردستان زۆر لەبارە بۆ گوێز؛ تەحسین ئاکۆیانی دەڵێ: "هیچ گوێزێک لە دنیادا ناگاتە گوێزی کوردستان. فرۆشتنیان زۆر خێرایە و بەزوویی دەفرۆشرێن." لە لایێکی دیکەوە، نافع هەورامی، باخەوان و خاوەن فرۆشگای نافع هەورامی بە رووداوی گوت: "بەروبوومی ئەم ساڵی گوێز زۆرباشە و بەراورد بە پار زیادی کردووە. خەڵک لە گوێزی ئەم ساڵ رازییە و دەڵێن باشە." بە گوتەی نافع هەورامی، ئەم ساڵ هیچ نەخۆشییەک نەبووە و گوێزەکەی ساخە، کاریگەری لەسەر بڕ و کواڵتیی گوێز نەبووە. هاوکات کاکڵەکەی سپی و جوانە. دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا نرخی گوێز دیاری نەکراوە." لەبارەی گوێزی هاوردەوە، ئەو باخەوانە هەورامییە دەڵێ، "بە هاوردەکردنی گوێزی پاوە، سەقز و بۆکان پێویستیی نێوخۆ پڕدەکەینەوە. چونکە گوێزی لادێکانی خۆمان بەشی پڕکردنەوەی نێوخۆ ناکات. بەڵام تاوەکو گوێزی خۆمانە هەبێت، گوێزی هاوردە نافرۆشرێت." سەبارەت بە بەبازاڕکردنی گوێزەوە، نافع هەورامی روونیکردەوە، "بێمووچەیی کاریگەری لەسەر بەبازاڕکردنی گوێزی خۆماڵی هەیە." چێنەر حاجی قادر چۆمانی، باخدار لە سنووری قەزای چۆمان بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کاتی داوەشاندنی گوێز نەهاتووە و دوو هەفتەی دیکە دەست بە داوەشاندنی دەکەین." لەبارەی بەراوردی بەرهەمی ئەم ساڵ بە پار، ئەو باخدارەی سنووری قەزای چۆمان دەڵێ: "گوێزی پار زۆر خراپ بوو، هیچی پێوە نەبوو؛ سەرما بردی. بەڵام گوێزی ئەم ساڵ زۆر باشە." چێنەر چۆمانی دەشڵێ: "گوێزی ئەم ساڵ زۆر تایبەتە، بێ کرم و نەخۆشییە؛ پارەی باش دەکات، 1000 دانەی لە 70 هەزار بۆ 100 هەزار دینارە. جۆری تایبەتریش هەیە تاوەکو 120 هەزار دینار دەکات."
هەواڵە ناوخۆییەکان21-09-2026نوێنەرانی خۆپێشاندەرانی پێنجوێن: دژی پڕۆژەی رووناکی نین و داوای داشکاندن دەکەین
هەواڵە ناوخۆییەکان21-09-2026دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر: کرێکاران دەتوانن لە رێگەی هێڵی 5500 سکاڵا تۆمار بکەن