رووداو دیجیتاڵ
دوو کەشناس پێشبینی دەکەن، هیچ مەترسییەکی کەمبارانی لە باشووری کوردستان لە وەرزی نوێی بارانباریندا نەبێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەوان، مانگی داهاتوو بارانی زیاتر لە بڕی ئاسایی دەبارێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوول، د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی فەلەکی، ئەم ساڵ یەکسانبوونی شەو و رۆژ کە دەستپێکی وەرزی پاییزە دەکەوێتە کاژێر 06:40ی بەیانیی 23ی ئەیلوول بە کاتی هەولێر، بەڵام وڵاتانی وەک چین و هیندستان لە 22ی ئەیلوول دەکەونە وەرزی پاییزەوە".
لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ بارانبارینی ئەم وەرزە، لوقمان موفتی گوتی: "لە تەواوی باشووری کوردستان مەترسیی کەمبارانی نییە، تەنانەت لە مانگی 11دا مەترسیی لافاو لە زۆرینەی ناوچەکان هەیە".
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بەوە کرد: "بە گشتی پێشبینییەکان بە جۆرێکن مانگی 10 بارانی باش و زیاتر لە ساڵانی رابردوو لەو مانگەدا دەبارێ؛ لە هەندێک لە ناوچەکان پەڵە دەدات، کە پەڵەدان بۆ مانگی 10 زۆر زووە، بەڵام پەڵەی گشتی نابێت".
لوقمان موفتی پێشبینیی کرد، کۆتایی ئەم مانگەش باران ببارێ، بەڵام "بڕەکەی و کاتەکەی بە وردی جێگیر نەبووە و رۆژانی داهاتوو وردەکاریی زیاتری دەردەکەوێ."
هاوکات سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ مانگی 10 مانگێکی پڕباران بێت لە ناوچەکەمان و بارانبارین زووتر لە کاتی ئاسایی دەست پێ بکات. ئەم وەرزەی بارین هیچ مەترسییەکی کەمبارانی لە باشووری کوردستان نابێ."
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی: "پێشبینی دەکرێ بڕی بارانبارین لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک لە سەروو ئاساییەوە بێت. هۆکارەکەش بەردەوامیی دیاردەی ئێل نینۆیە لە زەریای هێمن، کە شێ لە زەریاکانەوە رادەکێشێت بۆ ناوچەکان، دواتر ئەم شێیە تێکەڵی هەردوو دەریای نێوەڕاست و دەریای سوور دەبێت و لەگەڵ بارستە هەوایەکی فێنک تێکەڵ دەبێت و دەبێتە مایەی بارانبارینی زۆر بەسەر ناوچەکەدا".
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 35 پلەی سیلیزی
دهۆک: 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 37 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 36 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 35 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 28 پلەی سیلیزی
سۆران: 35 پلەی سیلیزی



