رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە (21ـی ئەیلوولی 2026)، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتییەکە و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان کرد.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە دامەزراندنی یەکێتییەکە بە راسپاردەی مستەفا بارزانی بڕیارێکی مێژوویی بووە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستاندا.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێز بوون بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کورد و قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری، هاوکات پەیامی خوداپەرستی، دینداری، لێبوردەیی، میانڕەوی و پێکەوەژیانیان بڵاوکردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆک بارزانی رێز و پێزانینی بێپایانی خۆی بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە رابردوو و ئێستادا دەربڕیوە، و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستوون لە بەجێگەیاندنی ئەو پەیامە پیرۆزەیان و رێنوێنی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر بڕیارێكی مێژوویی بوو بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەماندا. مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری بوونە و پەیامی خوداپەرستی و دینداری و لێبوردهیی و میانڕەوی و پێکەوەژیانیان بڵاو کردۆتەوە.
ڕێز و پێزانینی بێپایانم هەیە بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە ڕابردوو و ئێستادا. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ هەموویان دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە و، ڕێنوێنی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت.
مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2026



.jpg&w=3840&q=75)