رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر چەندین دۆسیە کۆبوونەوەیان کردووە و رێککەوتوون. دیارترینیان دروستکردنی چوار بەنداوی نوێیە لە هەرێمی کوردستان.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلانی چاندنی زستانی ئەم ساڵ 100% لە ساڵانی رابردوو جیاواز دەبێت، ئەوەش بەهۆی زۆری بڕی ئاو".
قوسەی حەتاب راشیگەیاند: "شاندی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو سەردانیان کردین و چەند داواکارییەکان ئاڕاستەی وەزیر کرد. سەرجەم داواکارییەکان رەزامەندییان لەسەر درا؛ باس لە پشکی گەنمی جووتیاران و کێشەی هەناردەکردن لەنێوان هەرێمی کوردستان و پاریزگاکانی عێراق کرا."
هەر لەو بارەیەوە قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (20ی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یاداشتێکی 11 خاڵیمان دایە بەغدا و وەزیری کشتوکاڵی عێراق رەزامەندی لەسەر هەموویان دا".
شاندەکەی هەرێمی کوردستان داوای پشک و پاڵپشتییان کردووە لە بودجەی فیدراڵی لە کاتی وشکەساڵی، کەمئاوی و لافاو، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە ئاوی و کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی قارەمان قادر، گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتین لە:
- دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی: بەنداوەکان لە ناوچەکانی (تەقتەق لە سنووری کۆیە، دەلکە لە پێنجوێن، مەنداوە لە هەولێر و باکرمان لە دهۆک) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دروست دەکرێن.
- نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان: نۆژەنکردنەوەی ئەو بەنداوانەی هەرێمی کوردستان کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، وەک بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان
- یەکخستنی رۆژمێری کشتوکاڵی:لیژنەیەک پێکدەهێندرێ بۆ یەکخستنی رێکارەکان لە کاتی پێگەیشتن و پاراستنی بەرهەمە نێوخۆییەکانی وەک تەماتە، پەتاتە، شووتی، باینجان و هەنگوین.
- پشکی گەنم: پێکێهنانی لیژنەیەک تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "کێشەی ئەو ئاستەنگەی لە بازگەکان بۆ بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرا، چارەسەر کراوە و لیژنەیەکیش بۆ ئەم بابەتە دروست دەکرێ. جگە لەوەش بڕیاردراوە شۆفێران لە عەلوەکاندا نووسراوێکی یەکگرتوو وەربگرن کە وەک پێناسی بەرهەمی خوماڵی لە هەموو عێراق کاری پێدەکرێ، بۆ ئەوەی لە بازگەکاندا تووشی کێشە نەبن".



