رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی 100 جووتیار و پێشوازیکردن لە هەزاران گەشتیار، سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ دەستیپێکرد و تاوەکو 19ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، کە تێیدا دیارترین بەرهەمەکانی دەڤەرەکە، لە سەرووی هەمووشیانەوە برنج، هەنجیر و سماق، نمایش دەکرێن.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەوشی کشتوکاڵ و بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی دەڤەرەکە بەشێوەیەکی گشتی زۆر باشە و بەراورد بە پار بەرهەم زیاتر بووە.
گرنگترین و دیارترین بەرهەمەکانی دەڤەرەکە کە ناسنامەی کشتوکاڵیی ناوچەکەن برنجی خۆماڵی، هەنجیری ئاکرێ و سماقن، هاوکات میوە و سەوزە بە هەموو جۆرەکانییەوە لە سنوورەکەدا بەزۆری بەرهەم دەهێنرێن.
بۆ سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکان، 100 کەپر بۆ جووتیاران ئامادە کراون و 100 جووتیاریش ناویان تۆمار کردووە بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان.
یەکەمین جار ئەم فێستیڤاڵە لە رۆژی 03-09-2023 بەڕێوەچوو و تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو بەردەوام بوو، کە تێیدا 20 بەرهەمی جیاوازی ناوچەکە خرانەڕوو. بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، پاریش نزیکەی 40 هەزار گەشتیار و سەردانکەر لە سەرانسەری کوردستان و عێراقەوە ئامادەی بوون.
برنجی ئاکرێ
برنجی ئاکرێ کە یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی برنج لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، ئەمساڵ رووبەرێکی فراوانی بۆ تەرخان کراوە. فازڵ مستەفا راگەیاند: "ئەمساڵ لە سنووری ئاکرێ نزیکەی 13 هەزار و 500 دۆنم زەوی بە برنج چێندراوە و پێشبینی دەکەین برنجی ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 14 هەزار تۆن."
بەگوتەی فازڵ مستەفا، ساڵانە 120 بۆ 135 تۆن هەنگوینیش بەرهەم دەهێنن.
هەنجیری ئاکرێ
دەڤەری ئاکرێ بە هەنجیرە بەتامەکەی ناوبانگی دەرکردووە؛ لە سنووری قەزاکە زیاتر لە 250 هەزار داری هەنجیر هەن. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە بەرهەمی هەنجیر لەنێوان حەوت هەزار بۆ نۆ هەزار تۆندایە.
سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیر، فازڵ مستەفا روونیکردەوە کە بەرهەمی ئەمساڵ کەمێک دواکەوتووە، ئەوەش بەهۆی کەشوهەوای وەرزی بەهار بووە، کە بۆ ماوەی نزیکەی 40 رۆژ کەشوهەوا سارد بوو؛ بەڵام ئەگەر وەرزی پاییز زوو سەرما و بارانی بەخوڕ دەستپێنەکات، هەنجیر لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبێت و بڕی بەرهەمهێنانەکەی حەوت بۆ نۆ هەزار تۆن دەبێت.
لە ئاکرێ، هەنجیر نەک تەنیا بەرهەمێکی کشتوکاڵی، بەڵکو سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوی بەشێک لە خەڵکەکەیەتی.
جۆرەکانی هەنجیری ئاکرێ
یەحیا بەگ: ئەمە باشترین و بەناوبانگترین جۆری هەنجیری ئاکرێیە. تایبەتمەندییەکانی بریتین لە رەنگی زەرد، قەبارەی مامناوەند، هەبوونی ریشاڵێکی زۆر لە ناوەکەیدا، هەروەها ئەو شلەیەی لەناویدایە زۆر خەست و شیرینە. ئەم جۆرە لەچاو جۆرەکانی دیکەدا ماوەیەکی زۆرتر دەمێنێتەوە و تێکناچێت.
بێناتێ: ئەم جۆرە قەبارەی مامناوەندە و رەنگی زەردە. جیاوازییەکەی لەگەڵ جۆری یەکەم ئەوەیە کە ریشاڵەکانی ناوەوەی کەمترن و ئەو شلەیەی لەناو چەکەرەکەیدایە خەست نییە، هەروەها توانای مانەوەی کەمترە.
شاکری: قەبارەی زۆر گەورەیە، بەڵام شیرینی و توانای مانەوەی کەمترە.
رەش: ئەم جۆرە هەموو تایبەتمەندییەکانی "یەحیا بەگ"ـی تێدایە، تەنیا جیاوازییەکەی رەنگەکەیەتی کە رەشە. ئەم جۆرە خواستی کەمتر لەسەرە بەراورد بە هەنجیرە زەردەکە.
سورخاڵ: ئەم جۆرە دوو چەشنی هەیە؛ یەکێکیان زوو پێدەگات، بەڵام جۆری دووەمیان زۆر درەنگ پێدەگات و هەندێکجار لە کاتی بەفرباریندا دەگاتە قۆناغی لێکردنەوە. قەبارەکەی مامناوەندە.
تەفسکە: ئەمە جۆرێکی "دێمی"یە و لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا پێدەگات. قەبارەی بچووکە و هەردوو رەنگی زەرد و رەشی هەیە. شلەی ناو ئەم هەنجیرە زۆر خەستە و لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاتر بەرگەی مانەوە دەگرێت، هەر بۆیە خواستێکی زۆری لەسەرە.
سماقی ئاکرێ
سماقی ئاکرێ ئەمساڵ بازدانێکی گەورەی لە بەرهەمهێناندا تۆمار کردووە. فازڵ مستەفا دەڵێت: "پار بەرهەمی سماق لەنێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزار تۆندا بوو، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بگاتە شەش بۆ شەش هەزار و 500 تۆن، کە ساڵ بەساڵ روو لە زیادبوونە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ تایبەتمەندیی سێ جۆری سەرەکیی سماقی ناوچەکەی بۆ رووداو خستەڕوو:
سماقی سپی: لە لووتکەی چیاکان شین دەبێت و گەشە دەکات، ئەم جۆرەیان بەهادارترین و بەنرخترین جۆری سماقە.
سماقی بالیکی: لە بەشی ناوەند و بناری چیاکان بەرهەم دێت.
سماقی سوور: لە داوێن و بناری چیاکان دەڕوێت.
سەرجەم ئەم جۆرانە خواستی زۆریان لەسەرە، بەڵام سماقی سپی لە رووی نرخ و بەهاوە لە پێشەنگدایە.


