رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، چوار هەزار و 560 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بە گوتەی بەرپرسانی بەرگریی شارستانی، لە هەولێر و دهۆک بەهۆی زۆریی پووش و پەلاش رووداوەکان زیادیان کردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە رووداوەکان کەمیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 1355 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون و رووداوەکان زیادیان کردووە."
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە، شاخەوان سەعید روونیکردەوە: "هۆکارەکەی ئەوەیە بارانی زۆر باریوە و پووش زۆر بووە، هەروەها سووتانی ئۆتۆمبێلیشمان زۆر هەبووە و نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل بە هۆکاری جیاواز ئاگریان گرتووە."
پارێزگای دهۆک زۆرترین ئاماری ئاگرکەوتنەوەی تێدا تۆمارکراوە؛ نەقیب بژار سەفەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی بە رووداوی گوت: "لە 01-01-2026 تاوەکو 31-08-2026، دوو هەزار و 320 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکەمان تۆمارکراون، ئەو ژمارەیەش زۆرە و هۆکارەکەی بۆ زۆریی باران دەگەڕێتەوە کە بووە هۆی ئەوەی پووش زۆر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینێکی گەرممان بەڕێکرد."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی دۆخەکە جیاوازە؛ ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو 1ـی ئەیلوول، 701 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمارکراون".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بە کەمبوونەوەی رووداوەکان کرد و گوتی: "پار 1300 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون، بەڵام ئەم ساڵ کەمترن، هۆکارەکەشی بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگە و هەوڵی لیژنەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەگەڕێتەوە."
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجەش بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 184 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمارکراون، لە کاتێکدا لە تەواوی ساڵی 2025دا 327 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان کە 9-7-2026بۆ رووداو خرابوونەڕوو، لە شەش مانگی سەرەتادا لە هەرێمی کوردستان 44 کەس خنکاون و 4000 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، بەڵام ئەم ئامارانە ئێستا زۆر زیادیانکردووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، شەش هەزار و 448 رووداوی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.



