رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی نەورۆزی شاری هەولێر، دەڵێت باخچەیەکی لە بەرامبەر ماڵەکەی خۆیدا دروست کردبوو، بەڵام لێیان تێکداوە، شارەوانیی ناوچەکەش دەڵێت باخچەکە لەسەر موڵکی گشتی دروستکرابوو، بۆیە تێکیان داوە.
ئەمیر شوکر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز لە هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە کۆڵانەکەی ئێمە بەرامبەر ئامادەیی شارستانی کچان، شوێنەکە ببووە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و راگرتنی ئۆتۆمبێلی گەورە. پاش پاککردنەوەی ناوچەکە، زیاتر لە 2500 دۆلارم لە چاککردن و چاندنی دار و چیمەندا خەرج کرد. بەڵام دواتر تیمەکانی شارەوانی هاتن و شوێنەکەیان تێکدا، لە کاتێکدا دەوروبەری هەمووی باخچەیە."
چاپووک میرانبەگ، بەڕێوەبەری شارەوانیی شەش لە هەولێر، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "زەوییەکە موڵکی گشتییە و بەپێی یاسا و رێنماییەکان، دروستکردنی باخچە لەسەر موڵکی گشتی قەدەخەیە."
بەڕێوەبەری شارەوانیی شەش راشیگەیاند، شارەوانی کار لەسەر پاراستنی رووبەرە گشتییەکان دەکات و گوتی: "ئەو شوێنانەی موڵکی گشتین، لە داهاتوودا دەکرێنە پرۆژەی خزمەتگوزاریی وەک باخچە، قوتابخانە یان مزگەوت. سەبارەت بەو باخچەیانەش کە پێشتر دروستکراون، ئەگەر حکومەت لە داهاتوودا پێویستی بە زەوییەکەیان بێت بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری، بەکاردەهێنرێنەوە."



