رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، کۆبوونەوەی نافەرمی لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی و پارتی هەیە و دەبوو پارتی زیاتر نەرمی بنوێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە حکومەت "خۆی بە خاوەنی سلێمانی نازانێت" و وەزارەتی ناوخۆش "جیاکاری دەکات."
بێستوون فایەق، راوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، کۆبوونەوەی فەرمی و کاری لیژنە هاوبەشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستی پێنەکردووەتەوە، هەرچەندە دیداری نافەرمی لەنێوان بەرپرسانی هەردوولادا هەیە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتی رەخنەی لەوە گرت کە پارتی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێی وەک "بیانوو" بەکارهێناوە و گوتی: "پارتی رێککەوتنی دوو هێزی سیاسی دەکاتە بیانوو و حەقی چییە بە رێککەوتنی دوو هێزی سیاسییەوە."
بێستوون فایەق ئاماژەی بەوەش دەکات: "ئەم حکومەتەی ئێستا بەرکارە، خۆی بە خاوەنی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین نازانێت."
بێستوون فایەق باسی لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کرد و رایگەیاند، بەشێکی زۆریان لەسەر بودجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دراون؛ گوتیشی: "بەشی هەرە زۆری ئەو پڕۆژانە لە پارەی یەکێتی دەکرێن".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەشێک لە کارمەندانی گرێبەست و خەرجییەکانی نەخۆشخانەی هیوا لەلایەن یەکێتییەوە دابین دەکرێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، راوێژکارەکەی بافڵ تاڵەبانی رەخنەی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد و بە یەکێک لە هۆکارەکانی "تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکان" و خراپکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی ناوبرد.
بێستوون فایەق ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و نەبوونی حکومەت و پەرلەمانێکی کارا، کاریگەریی لەسەر بازاڕ و ژیانی خەڵک داناوە؛ باسی لەوەش کرد کە هەرچەندە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا گرژییەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ پێکهێنانی حکومەت نییە.


.webp&w=3840&q=75)