رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە سنووری شارەوانیی سلێمانی، چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کران.
ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ چوار هەزار پارچە زەوی دابەشکران و بە گشتی تاوەکو ئەمڕۆ 27 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون".
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پاش تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان، قۆناخێکی نوێی دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەستیپێکرد کە بە شێوازی ئەلیکترۆنی و لیستی هاتووی فەرمانگەکان، تیروپشک بۆ دابەشکردنی چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران کرا".
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زەوییانەی دابەشکراون تایبەتن بە سەرۆکایەتیی شاری سلێمانی و جیاوازن لە شارەوانییەکانی سلێمانی.
ئەو زەوییانەی ئەمڕۆ لە سلێمانی دابەشکران کەرتەکانی (3، 1)ـی داربەڕوولە و 20ی بەردەکەڕن. لە قۆناخەکانی پێشوودا زەوی لە سێکتەرەکانی فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە دابەشکرابوون.
لە 27ی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا دەرکرد.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، 31ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فەرمانی دابەشکردنی زیاتر لە 500 هەزار پارچە زەویمان گەڕاندووەتەوە بۆ شارەوانییەکان بۆ دابەشکردن و هەموو ئەوانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە لە قۆناخی جیادا زەوییان پێ دەدرێ".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ئاداری 2024ـەوە زیاتر لە 140 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین زەوییان پێدراوە و ئەوانی دیکەش لە چاوەڕوانیدان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 80 هەزار پارچە زەوی، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 34 هەزار، لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 20 هەزار و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی 300 پارچە زەوی دابەشکراون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر، پێشمەرگە یان خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. تاوەکو ئێستا لە بەشێکی شارەکان دابەشکردن دەستی پێکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە.


.jpg&w=3840&q=75)
