رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، نیگەرانیی خۆیان لە دواکەوتنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەربڕی و شارەوانیی ناوچەکەش هۆکارەکەی بۆ کەمیی رووبەری زەویی ئامادەکراو دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی گوتەی هاونیشتمانییان، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی فەرمیی پێدانی زەوییان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زەوییەکانیان وەرنەگرتووە و وادەی رادەستکردنیان دیار نییە.
حەمید ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی قەزای سێمێل، بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە وەک کەسوکاری شەهیدان فەرمانی فەرمیی وەرگرتنی زەویمان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەنگوباس و روونکردنەوەیەک نییە کە کەی زەوییەکانمان پێدەدرێت."
شارەوانی: تەنیا 167 پارچە زەوی دابەش کراون
ئەندازیار موحسین عەبدولکەریم، سەرۆکی شارەوانیی سێمێل، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 167 پارچە زەوی لەگەڵ شارەوانیی مێسۆرك لە سنووری قەزای سێمێل دابەشکراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بڕی زەویی ئامادەکراو زۆر سنووردار بووە.
سەرۆکی شارەوانیی سێمێل باسی لە پلانەکانی ئیدارەی ناوچەکە کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت لە رێگەی پرۆسەی فراوانکردنی سنووری شارەوانی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، نزیکەی هەزار و 700 پارچە زەوی ئامادە بکرێن. ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی قەرەبووی جووتیارانین، تاوەکو دوای یەکلابوونەوەی بخرێنە سەر نەخشەی شارەوانی و دابەش ببن."
بە گوتەی ئەندازیار موحسین عەبدولکەریم لە سنووری قەزای سێمێل، نزیکەی 3,000 کەس فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کەمبوونی رووبەری زەویی ئامادەکراو بەرامبەر ژمارەی داواکاران، ناچارن لە شوێنی دیکە زەوییان بۆ دابین بکەن.



