رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە نێو بازاڕی قەزای کەلار، بەهۆی تەقەکردنەوە گەنجێکی 18 ساڵان گیانی لەدەستدا و خوشکەکەشی بریندار بوو؛ پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێ، بکوژەکە دەستگیرکراوە.
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەناو بازاڕی کەلار تەقە لە خوشک و برایەک کرا، کوڕەکە گیانی لەدەستداوە و خوشکەکەشی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
سەبارەت بە ناسنامەی بکوژەکە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان "بکوژەکە دراوسێیان بووە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە."
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بە رووداوی گوت: "ئەو دوو کەسەی تەقەیان لێکراوە خوشک و بران. براکە ناوی (زیرەک بەکر)ە و تەمەنی 18 ساڵە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، خوشکەکەشی بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت."
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە و ئەو رێکارە یاساییانەی لە بەرامبەر تۆمەتبارەکە دەگیرێنەبەر رانەگەیێندراون، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.




