رووداو- رادیۆ
دانیشتووانی گەڕەکی جۆلەمێرگی خواروو لە قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر داواکارییەکی فەرمییان بۆ دروستکردنی جۆگەی ئاودێری پێشکێش کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێ، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاون.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی گەیشتوونەتە دەست رووداو، قایمقامیەتی قەزای خەلیفان بە نووسراوی ژمارە 316 لە رێککەوتی 21-7-2025 داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری و سەرچاوەکانی ئاوی سۆران کردووە کە کار لەسەر ئامادەکردنی "دەرخستە" بۆ کۆنکرێتکردنی جۆگەی ئاودێری لە (گردکۆدێریشک) و جۆلەمێرگی خواروو بکەن. لە نووسراوەکەدا هاتووە کە درێژیی ئەم جۆگەیە نزیکەی 1.5 کیلۆمەتر دەبێت و خزمەتێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە دەکات.
تارق خالید حوسێن، بەڕێوەبەری ئاودێریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئاگاداری داواکاریی جووتیارانی خەلیفانن. تارق خالید گوتی: " قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینە هۆکاری سەرەکین. ئەم ساڵ دوو جار نووسراوی فەرمیمان بۆ وەزارەت کردووە و داواکاریی و پرۆژەکانمان لە لیستێکدا بۆ رەوانە کردوون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ ئەم پڕۆژە نوێیانە تەرخان نەکراوە، چونکە هەموو پرۆژەکان راگیراون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاودێریی سۆران، کێشەی سەرەکی بۆ جێبەجێنەکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە کە زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی راگرتووە. تارق خالید ئاماژەی بەوەش کرد: "لەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ راگیرانی بودجەی پرۆژەکان، وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاودێری بە نوسراو داوایان کردووە داواکاری نوێ بۆ ئەو پرۆژانەی پێویستیان بە بودجەیە بەرزنەکەینەوە."



