رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای دهۆک، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە نەمانی بەرنامەی 24 کاژێریی کارکردنی موەلیدەکان دەکەن و دەڵێ، بەرنامەکە وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەواڵانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، گوایە بەرنامەی 24 کاژێریی کارکردنی موەلیدەکان نامێنێت، دوورە لە راستییەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هیچ لایەنێک مافی نییە بەرنامەی کارکردن و نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدەکان دیار بکات، جگە لە لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری موەلیدەکان. هەروەها دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکاندا نەکراوە.
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری موەلیدەکانی دهۆک دەڵێت:"هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەندی بەرنامەی کارکردن نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێت".
هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی رابردوو رۆژانە نزیکەی یەک کاژێر موەلیدە کاری دەکرد و بۆ تەواوی مانگەکە بۆ یەک ئەمپێر 4 هەزار و 500 دینار پارەمان وەرگرت. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و رۆژ هەیە مەوەلیدە 10 کاژێر کار دەکات".
هرووری گوتی: "هێشتا نرخی دیار نییە، بەڵام نرخی گاز زۆر بەرزبووەتەوەو لیتری بووەتە هەزار و 250 دینار، بۆیە دەبێت چەند رۆژێک موەلیدەکان کاربکەن بۆ ئەوەی بزانین دۆخەکە چی لێدێت، ئەوکاتە نرخ دیار دەبێت".




