رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە و ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانە گەیشتووەتە 2 ملیار و 721 ملیۆن و 600 هەزار هێلکە.
فیراس سدیق، بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە حەوت ساڵ لەمەوبەر زۆر زیادی کردووە. ئێستا 65 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، لە کاتێکدا حەوت ساڵ پێش ئێستا تەنیا 11 پرۆژە هەبوون."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 2 ملیار و 520 ملیۆن هێلکەیە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 2 ملیار و 721 ملیۆن و 600 هەزار هێلکە.
فیراس سدیق گوتی، بەرهەمی زیادە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێ.
سەبارەت بە مریشکیش ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "لە هەرێمی کوردستان 2 هەزار و 11 کێڵگەی پەلەوەری هەن و بەرهەمی ساڵانەی ئەم پرۆژانە 300 هەزار تۆنە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی پرۆژەکان حەوت ساڵ پێش ئێستا هەزار و 530 پرۆژە بوون.
بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 150 هەزار تۆن مریشکە، بەڵام بەرهەمی زیادە، هاوشێوەی هێلکە، رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.



