رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (پاک سیتی) لە شاری سلێمانی، کە لە 15 تاوەر و 940 یەکە پێکدێت، رووبەڕووی کێشەیەکی یاسایی و خزمەتگوزاری بوونەتەوە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر نیشتەجێبوونیان، هێشتا زۆربەی شوقەکان تاپۆنەکراون لەسەر خاوەنەکانیان. دانیشتووان سکاڵا لە گۆڕینی ماستەرپلان و تێکدانی رووبەری سەوزاییش دەکەن. لە بەرامبەر دا کۆمپانیای جێبەجێکار هۆکاری تاپۆنەکردنەکە بۆ رۆتینی حکومی دەگەڕێنێتەوە.
ئاڵا عارف، نوێنەری دانیشتووانی کۆمەڵگەی پاک سیتی رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، قسەی بۆ رادیۆی رووداو کرد و رایگەیاند، وەبەرهێنەرەکە پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە. ئاڵا عارف دەڵێت: "جگە لە دواکەوتنی تاپۆ، کۆمپانیاکە بەبێ رەزامەندیی ئێمە دەستی کردووە بە دروستکردنی نهۆمی 18 لەسەر تاوەرەکان، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی دەنگەدەنگ و مەترسی بۆ سەر بیناکان."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی زۆری سەوزایی و پارکەکان جیاکراونەتەوە و بۆ پرۆژەی بازرگانی و دووکان بەکارهێنراون، ئەمەش پێشێلکارییەکی روونی (سایت پلانە).
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی نوێنەری دانیشتووانی پرۆژەکە بۆ رووداوی ناردوون، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە نووسراوی ژمار 21241 لە رێکەوتی 2026/8/6، ئاماژەی بە بوونی لادان لە ماستەرپلان و سکاڵای هاونیشتمانییان کردووە؛ هەروەها لە نووسراوەکانی داواکاری گشتیی سلێمانی دا هاتووە کە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی زێدەڕۆییەکان پێکهێنراوە.
بەڵام لایەنی وەبەرهێنەر تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە. ئەحمەد محەممەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان 90%ـی رێکارەکانیان تەواو کردوون.
ئەحمەد محەممەد گوتی: "کێشەی تاپۆکردنەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە شارەوانی دەیەوێت هەموو زەوییەکانی پرۆژەی (پاک سیتی، چاوی سلێمانی، بۆلیڤار و باران) بە یەکجاری ئیفراز بکات. ئێمە تاوەکو ئێستا 3 تاوەرمان بە تەواوی تاپۆ کردووە و ئەوانی دیکەش لە قۆناخی کۆتایی دان."
سەبارەت بە زیادکردنی نهۆمی نوێ و کارکردن لە سەربانی تاوەرەکان، ئەحمەد محەممەد گوتی، ئەوە تەنیا دانانی هەورەبان و گۆڕینی قەرمیدە کۆنەکانە، چونکە دەبێت هەورەبانی تاوەرەکان بە بەردی قەرمید بگرێت.
لەبارەی گلەیی دانیشتووانی پرۆژەکە لە گۆڕینی "سایت پلان"ـی پرۆژەکە و دەستکاریکردنی سنووری سەوزایی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئێمە لە ساڵی 2004 پرۆژەکەمان بە کواڵیتیی بەرز دروستکرد. ئەو رێژە سەوزاییەی کە 2004 داواکرا، جیاوازە لەوەی لە مۆڵەتی پرۆژەیەکی 2026 دیاری دەکرێت، دەستکاری هیچ شتێکی نەخشە و سایت پلانی پرۆژەکەمان نەکردووە، ئەگەر سەرپێچییەکمان هەبوایە کارەکانمان رادەگیران."


