رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای کفری بەهۆی پێکدادانی نێوان ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسوارێک، گەنجێکی تەمەن 29 ساڵ گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە، 6-9-2026، سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیب واز و ماتۆڕسکیلێک لەسەر رێگەی بەنداوی باوەشاسوار روویداوە. ئۆتۆمبێلەکە بە ئاراستەی بەنداوەکە رۆیشتووە و ماتۆڕسکیلەکەش بەپێچەوانەوە بەرەو ناو شار گەڕاوەتەوە."
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رووداوەکەوە لێخوڕی ماتۆڕسکیلەکە کە لەدایکبووی ساڵی 1997 بووە، بەسەختی بریندار بووە. پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
تیمەکانی هاتووچۆ هێڵکارییان بۆ شوێنی رووداوەکە کردووە و لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکار و چۆنیەتیی پێکدادانەکە بەردەوامە.


