رووداو دیجیتاڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە لێکردنەوەی ئەو تابلۆ بازرگانییانە دەکات کە زمانی کوردییان لەسەر نییە. بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک دەڵێ، تەنیا لە یەک رۆژدا 20 شوێنی بازرگانی ئاگادار کراونەتەوە و تابلۆکانیان لێکراوەتەوە. رۆژی یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، سەنگەر محەممەد، بەرێوەبەری شارەوانیی یەک، بە رووداوی گوت: "لە شەقامی پزیشکانی گەڕەکی تەیراوە، دەستمان بە هەڵمەتی لێکردنەوەی تابلۆ بازرگانییەکان کردووە، ئەوەش بە مەبەستی گۆڕینیان بۆ زمانی کوردی و رێکخستنەوەیان بە شێوازێکی جوان و مۆدێرن". بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک، هەڵمەتەکە تەنیا بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردی نییە، بەڵکو رێگری لە دانانی ریکلام و تابلۆی نایاسایی بەبێ مۆڵەتی شارەوانیش دەگرێتەوە. سەنگەر محەممەد گوتی: "لە رۆژی یەکەمدا تابلۆکانی 20 شوێنی بازرگانی لێکرانەوە و ئاگاداری بە خاوەنی شوێنەکان درا کە تابلۆکان بە زمانی کوردی بەشێوەیەکی سەرەکی و بە زمانی دیکە بەشێوەی لاوەکی هەڵبواسن". بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک دەڵێت، تیمێکی 15 کەسی بە هاوکاری پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە و کارەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ئەو تابلۆیانە بگۆڕدرێن کە زمانی کوردییان لەسەر نەنووسراوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان26-09-2026دووکەڵی کێبڵی سووتێنراو کێشەی بۆ دانیشتووانی نزیک کۆرنیشی هەولێر دروست کردووە