رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، "کاژێر 04:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزێکی پاسەوانی سنوور چوونەتە دەروازەی پشتە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوای ئاگادارکردنەوەی شۆفێران و بەرپرسانی دەروازەکە بە شۆفڵ و خۆڵ دەروازەکەیان داخستووە.
رووداو زانیویەتی، "هێزەکەی پاسەوانی سنوور کە لە پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی و شۆفڵ پێکهاتبوون سەرجەمیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانن و دوای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی دەروازەکە و رێگەدان بەو شۆفێرانەی لە دەروازەکەوە هاتووچۆ دەکەن، بە شۆفڵ خۆڵیان لە دەروازەکەدا هەڵڕشتووە و دایانخستووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشڕینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەروازەی پشتە بە رووداوی گوت، "هێزەکە لە کاژێر 04:30ی خولەک گەیشتنە دەروازەکە و کاتی داخستنی دەروازەکەدا گوتیان، "فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان پێیە و بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو هاتووچۆ لە دەروازەکە دەوەستێنرێت و دادەخرێت."
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەروازەی سنووریی شووشمێ-ش لە ناحیەی بیارەی هەڵەبجە، بە هەمانشێوە داخراوە.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، هیچ گرژیی و ئاڵۆزییەک لە دەروازەکان درووست نەبووە و هێزی پاسەوانی سنوور جێگیر بوون و دەروازەکان بە قوفڵ داخراون."
دەروازە سنوورییەکانی شووشمێ و پشتە لە رووی کارگێرییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەن و دەکەونە ناحیەکانی بیارە و بەمۆ. تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێنراون.



