رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت، پۆلیسی گەرمیان گەنجێکی دەستگیرکرد کە شەش هەژماری جیاوازی ساختەی لە تیکتۆک و سناپچات بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هاونیشتمانیان، توانرا تۆمەتبارێک بە ناوی (ا-د) تەمەن 21 ساڵ، کە دانیشتووی شاری کەلارە، دەستگیر بکرێت."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی، دەرکەوتووە کە تۆمەتبار شەش هەژماری لە هەردوو بەرنامەی تیکتۆک و سناپچات بەکارهێناوە بە مەبەستی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تایبەتی ئافرەتان.
ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی راگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیدا بەردەوامن.
پۆلیسی گەرمیان وێنەی ئەو ئەکاونتانەی بڵاوکردووەتەوە کە تۆمەتبارەکە هەڕەشەی پێ کردوون و داوا لە هەر کەسێک دەکات کە سکاڵای لە دژی ناوبراو هەیە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.



