رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆی گەرمیان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی چەکی بانکیی شایستە داراییەکانی ئەو جووتیارانە دەکرێت کە گەنمیان رادەستی سایلۆکە کردووە.
کاروان رەئووف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە، 6-9-2026، چەکی بانکیی ئەو جووتیارانە دابەش دەکرێت کە ژمارەی پیتاکەکانیان لە 745 تاوەکو 1014ـدایە."
بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەو جووتیارانەی ناویان لەو لیستەدایە، سەردانی سایلۆی گەرمیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەکەیان، بەو مەرجەی کارتی نیشتمانییان پێ بێت.
سەبارەت بە رێکارەکانی وەرگرتنی چەکەکە، سایلۆی گەرمیان چەند مەرجێکی دیاریکردووە:
1. پێویستە خودی ئەو کەسەی کە گەنمەکەی بە ناوی خۆیەوە رادەست کردووە ئامادە بێت.
2. ئەگەر خاوەن پیتاکەکە ئامادە نەبوو، دەبێت ئەو کەسەی دێت بۆ وەرگرتنی پارەکە، وەکالەتی دادنوسیی (بریکارنامەی فەرمی) پێ بێت، بەپێچەوانەوە چەکەکە رادەستی هیچ کەسێکی دیکە ناکرێت.
ئەم دابەشکردنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ.



