رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێن، کارەبای نیشتمانی دەبڕێت و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای شارەکەش دەڵێ، تیمەکانیان خەریکی چاکسازین و بەم نزیکانە ئاسایی دەبێتەوە.
رۆژی شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکەکانی دارەتوو، ژین، بنەسڵاوە، شارەوانی و پێنجی حەسارۆک پەیوەندییان بە تۆڕی میدیاییی رووداو کردووە و گوتیان، لە ناوچەکانیان کێشەی کارەبای نیشتمانی هەیە و دەبڕێت.
لەوبارەیەوە بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند:"هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە، تەنیا لە هەندێک وێستگە تیمەکان سەرقاڵی چاکسازین".
لەبارەی ئاسایبوونەوەی کارەبای ناوچەکە. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر گوتی: "بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکرێت و پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا بەراورد بە چەند مانگی رابردوو زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی پاییز، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەراورد بە هاوین کەمتر دەبێتەوە و ئەوەش وادەکات کاژێرەکانی کارەبا زیادببن.
هەموو پارێزگای هەولێر سوودمەند بووە لە پڕۆژەی رووناکی. پڕۆژەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی حکومەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.



