رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەیەکی بۆ 465 مامۆستای ئاینی ئەنجامدا، ئەوەش بە مەبەستی دیاریکردنی شایستەترینیان بۆ رێبەرایەتی حاجیان (مورشید) لە وەرزی حەجی ساڵی 2027.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: "تاقیکردنەوەکە بە شێوەیەکی وزاری و لە یەک کاژێری دیاریکراودا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو."
بەپێی گوتەی کاروان ستوونی، ئامانج لە تاقیکردنەوەکە دەستنیشانکردنی ئەو مامۆستایانەیە کە شایستەترینن بۆ ئەوەی بچنە نێو تیروپشک و لە دوو وەرزی داهاتووی حەجدا بۆ رێبەرایەتی حاجیان هەڵبژێردرێن.
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەر وەرزێکی حەجدا 31 رێبەری حاجیان دیاری دەکرێن، بۆیە تاقیکردنەوەکە لە سێ بنکەی سەرەکی بەڕێوەچووە.
بنکەی هەولێر تایبەت بوو بە بەشداربووانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ بنکەی سلێمانی بۆ مامۆستایانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دیاری کرابوو؛ بنکەی دهۆکیش مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی لەخۆ گرت.
سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداربوون، گوتەبێژی حەج و عومرە روونیکردەوە کە داواکار دەبێت پێشنوێژ و وتارخوێن یان تەنیا یەکێک لەو دوو پیشەیەی بێت؛ هەروەها پێویستە لەسەر میلاکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بێت و تەمەنی لەنێوان 30 تا 60 ساڵ بێت.



