رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، لە دوو رووداوی جیاوازدا لە شارەکانی کەلار و دەربەندیخان، دوو کەس بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستدا.
یەکێکیان ژنێکی دانیشتووی دەربەندیخانە و ئەوی دیکەشیان وەستایەکی کارەبایە لە کەلار کە لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 5-9-2026، لە قەزای دەربەندیخان ئافرەتێک بەناوی (شادان ئەحمەد حوسێن) کە دانیشتووی قەزاکەیە و خەڵکی ناوچەی تۆڤگەیە، بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.
لە لایەکی دیکەوە و لە رووداوێکی هاوشێوەدا کە درەنگی شەوی رابردوو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کەلار روویدا، (حەمید فەرەج) کە پیشەی وەستای کارەبای ماڵان بووە، لە کاتی کارکردن لەسەر بانی خانوویەک کارەبا گرتوویەتی؛ بەو هۆیەوە لەسەر بانەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
تەرمی هەر دوو قوربانییەکە رەوانەی فەرمانگەی پزیشکی داد کراون بە مەبەستی پشکنین، پۆلیسیش لە هەردوو ناوچەکە لێکۆڵینەوەی لە چۆنیەتیی رووداوەکان دەستپێکردووە.



