رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 1700 ژمێرکاری کارەبا لە هەرێمی کوردستان ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. لە کاتێکدا ئەو کارمەندانە مانگانە نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ گەنجینەی حکومەت کۆدەکەنەوە، نوێنەرێکیان دەڵێت: "لە دۆخێکی خراپدا دەژین و رۆژانە لە ناو ماڵان سووکایەتیمان پێدەکرێت."
ژمێرکارانی کارەبا کە بە شێوەی کرێی رۆژانە کار دەکەن، دەڵێن لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە رێکارە کارگێڕییەکان گۆڕاون و مووچەکانیان نەدراوە. نوێنەرێکی ژمێرکارانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پێشتر مووچەکانمان لە ناو وەزارەت خەرج دەکرا، بەڵام ئێستا دەڵێن دەبێت رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگیرێت و تاوەکو ئێستاش هیچ وەڵامێک نییە."
ئەو ژمێرکارانە باس لەوە دەکەن کە ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە. نوێنەرەکەیان گوتی: "هەریەکێک لە ئێمە مانگانە لە نێوان پێنج ملیۆن تاوەکو 40 ملیۆن دینار بە کاش لە هاوبەشانی کارەبا وەردەگرین و رادەستی حکومەتی دەکەین، کەچی خۆمان چوار مانگە بێ مووچەین."
سیستەمی مووچەی ئەم کارمەندانە بەپێی ژمارەی ئەو پسوولانەیە کە دابەشی دەکەن و پارەکەی وەردەگرن، کە لە نێوان 300 هەزار دینار بۆ 550 هەزار دینار دایە.
لەبارەی هۆکاری خەرجنەکردنی پارەکان، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەم بابەتە پەیوەندیی بەوانەوە نییە و گوتی: "بەپێی بڕیار، ئەو خەرجییانەی لەسەر داهاتی ناوخۆیی وەزارەتەکانە، دەسەڵاتەکەی لای وەزیری پەیوەندیدارە و پێویست ناکات بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی."
لەلایەکی دیکەوە، ئەندازیار عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین، رایگەیاند، مووچەی ئەو کارمەندانە لەسەر داهاتی 10%ـی وەزارەتە و گوتی: "لە سنووری ئێمە تاوەکو مانگی حوزەیران مووچەکان دراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستەمەکە وردبینیی بانکی دەوێت، کاتی پێدەچێت."
بۆ بەدواداچوونی زیاتر و زانینی هۆکاری بێدەنگیی حکومەت، رووداو زیاتر لە 20 جار پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر کرد، بەڵام هیچ کامیان ئامادە نەبوون وەڵامی پەیوەندییەکان بدەنەوە.
ئێستا زیاتر لە 1700 خێزانی ئەو کارمەندانە چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزیری کارەبا دەکەن، تاوەکو شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت و لەو قەیرانە داراییە رزگاریان بێت.



