رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی دەڵێن، شەوی رابردوو کارەبای نیشتمانییان نەبووە. بەڕێوەبەری کارەبای قەزاکەش دەڵێت، کێشەیەکی تەکنیکی هەبووە.
ئەردەڵان محەممەد، بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو دوو بۆ سێ کاژێر کارەبای نیشتمانی کەمتر هەبووە، ئەوەش بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی بووە لە سەرچاوەی سەرەکییەکەمانەوە."
بە گوتەی ئەردەڵان محەممەد، ئەمڕۆ پێش نیوەڕۆ دۆخی کارەبای نیشتمانیی لە چەمچەماڵ ئاسایی بووەتەوە و کێشەی تەکنیکی چارەسەر کراوە.
قەزای چەمچەماڵ تاوەکو ئەمڕۆ نەچووەتە نێو پڕۆژەی رووناکی بۆ کارەبای 24 کاژێری. ئەردەڵان محەممەد گوتی: "ئێستا بەبێ پڕۆژەی رووناکی، لە کاتی ئاساییدا رۆژانە 18 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوبەشان."
بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ لەبارەی گەیشتنی پڕۆژەی رووناکی بە شارەکەیان گوتی: "بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی چوار قۆناخ پێویستە، دوو قۆناخی تەواوکراوە، ئەوەی ماوە بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا دەبێت ئەم ساڵ تەواو بکرێت؛ نەک تەنیا سنووری ئێمە، بەڵکو دەبێت هەموو هەرێمی کوردستان بچێتە نێو پڕۆژەکەوە."



