رووداو دیجیتاڵ
هێشتا هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە وەرزی سەرما بەرمیلێک نەوت 250 هەزار دیناری تێپەڕاندووە. لەبارەی دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، مانگی داهاتوو رێکارەکان رادەگەیێندرێن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ 3ی ئەیلوولی 2026، بەرمیلێک نەوت بەگوێرەی پارێزگاکان لەنێوان 245 بۆ 255 هەزار دینارە.
کۆرش گۆران، فرۆشیاری نەوت لە هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ هەر بەرمیلێک نەوت پێنج هەزار دیناری دیکەی چووە سەر، ئەمڕۆ بەرمیلی بە 255 هەزار دینارە."
پار لەم مانگەدا نرخی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 120 هەزار دینار بوو، بەڵام لە وەرزی سەرمادا گەیشتە 220 هەزار دینار. کۆرش گۆران گوتی: "ئەمڕۆ بە تانکەر بە کۆ لە سلێمانی کڕیومانە، بەرمیلی بە 238 هەزار دینار، لە هەموو شوێنێک بەرزبووەتەوە."
ئایاری ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان 160 هەزار دینار بوو، نێوەڕاستی مانگی تەمموز گەیشتە 200 هەزار دینار و ئێستا زیاتر بەرز بووەتەوە.
سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ 3ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو دەستیپێنەکردووە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پار لە دەستپێکی ئەیلوولەوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزاندا دابەشکرا.
سەلام عومەر لەبارەی کاتی دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت گوتی: "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، لە مانگی 10دا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو رادەگەیێنێت."
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانی رابردوو دابەشی کردووە، 200 لیترە بە 104 هەزار دینار دراوەتە هاونیشتمانییان.
29ی ئابی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "نەوت یەکێکە لە پێویستییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زووتر دەگات لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ساڵانە تەنیا 50 ملیۆن لیتریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەمساڵ داوا دەکەین لە نەوت و پێداویستییەکانی دیکە هاوشێوەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت."



