رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنێکی دیکە دادگە بۆ دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بکرێت. پارێزەرێکی دەستگیرکراوان دەڵێت، دادگەییکردنی ئەمڕۆ تایبەتە بە مادەی 56 و پەیوەستە بە "رێککەوتن بۆ کوشتن".
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگشتی رێکارەکانی دادگەییکردن لە دادگە لەنزیک کاژێر 10:00 دەستپێدەکات و بڕیارە جگە لە کاک لاهوور، 11 کەسی دیکە دادگەیی بکرێن."
لاهوور شێخ جەنگی چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر، کە یەکەم جار 12ی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 14ی ئایار بوو. بڕیار بوو 1ی حوزەیران دادگەیی بکرێتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگە نەکرا. لە سێ جاری چوونی بۆ دادگە، دوو جار دادگەیی کرا و جارێکیش هیچ گوتەیەکی لێ وەرنەگیرا.
قادر ئاغا مەنتک گوتی: "بڕیارە دانیشتنی ئەمڕۆ بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەبچێت، کە تایبەتە رێککەوتن بۆ کوشتنی کەسێک."
27ی ئابی 2025 و دوای پێنج رۆژ لە رووداوەکانی لالەزار، ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆ و دانپێدانانی کۆمەڵێک کەسی بڵاوکردەوە؛ گوایە بە هاوکاریی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، ویستوویانە لەڕێگەی چەکی جیاوازەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەنە ئامانج. بەگوێرەی پارێزەرانی دۆسیەکە بۆ رووداو، دادگەییکردنی ئەمڕۆ تایبەتە بەو تۆمەتە.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی، 1ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "27 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە زیندان ماونەتەوە، بەڵام لە دانیشتنی داهاتوودا کە 3ی ئەیلوولە، 12 کەسیان دادگەیی دەکرێن."
هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید حاجی خالید لەو کەسانەن کە ئەمڕۆ دادگەیی دەکرێن.
سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان، دانا تەقیەدین دەڵێت: "بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن تۆمەتبار کراون، بەڵام دانیشتنی ئەمڕۆ تەنیا لەسەر مادەی 56 دادگەیی دەکرێن، کە تایبەتە بە رێککەوتن بۆ تاوانێکی کوشتن."
لە مادەی 56دا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و یەک ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4) ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
ئەو پارێزەرە پشتبەست بە دانیشتنەکانی پێشووی دادگە پێیوایە: "لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەکی بەهێزی نییە دۆسیەکە یەکلا بکاتەوە و دەستگیرکراوان حوکم بدرێن، چونکە ڤیدیۆیان بڵاوکردووەتەوە گوایە قەناس براوە بۆ هەوڵەکە لەنێو فەرشدا، وەکو لە ڤیدیۆکاندا بە ئاشکرا دیارە فەرشەکان لار بوونەتەوە و ئاماژە نین بۆ ئەوەی چەکیان تێدا بێت."
پارێزەر دانا تەقیەدین گوتی: "روون نییە هیچ بڕیارێکی کۆتایی لە دانیشتنەکەی 3ی ئەیلوولدا دەدرێت یان نا، بەڵام دوای ئەم تۆمەتەش مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن لە دۆسیەکەدا هەیە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی لە 22ی ئابدا، کە هێرش کرایە سەر هۆتێلی لالەزار، کوژراو لە هەردوولادا هەبووە."
لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.



