رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هێزە ئەمنییەکان سێ ژنیان دەستگیرکرد کە دووانیان بەرپرسی حکومین. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نزیکەی 10 ژنی دیکەش دەرچووە کە پلەی باڵای حکومی و حیزبییان لە ناوچەکەدا هەیە.
دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین، بە فەرمانی دادوەری ئاسایش، 3 ژنیان دەستگیرکرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، هەریەک لە بەرپرسی "ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە" و بەرپرسی "سەنتەری داڵدەدانی ژنان لە ئیدارەی راپەڕین" لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان بە فەرمی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەختیار حەسەن، بەڕێوەبەری لاوانی راپەڕین (کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەو)، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە تەنیا ئەوە دەزانین کە لە ئاسایشی راپەڕین راگیراون، بەڵام هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان پەیوەندی بە ئیشوکاری فەرمی فەرمانگەکەیانەوە نییە."
زانیارییەکانی رووداو ئاماژە بەوە دەدەن کە فەرمانی گرتن بۆ نزیکەی 10 ژنی دیکەش دەرچووە. ئەو ژنانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، خاوەن پلە و پۆستی باڵای حکومی و حیزبین لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە سەرۆکی زانکۆی راپەڕین لە نێو ئەو کەسانە دایە، کە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، بەڵام سەرچاوەیەک لە زانکۆکە بۆ رووداو، ئەو دەنگۆیانە رەتکردەوە و گوتی: "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە."



