رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە دەربەندیخان بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەیەکی گەورەی فێڵکردن لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیر کرا. دۆسیەکە پەیوەندیی بە ژنێکەوە هەیە کە بە بیانووی بازرگانیی ئۆنلاین و هاوردەکردنی ئامێری لەیزەر، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری لە هاونیشتمانییان وەرگرتووە.
ئامانج محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ماوەی دوو رۆژە عەقید شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری تووندوتیژیی دژی ئافرەتان لە دەربەندیخان، بە فەرمانی دادوەر لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیر کراوە."
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە، قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە پەیوەندیی بە کار و کاتی دەوامی فەرمییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە دۆسیەیەکی فێڵکردنەوە هەیە کە لە دەرەوەی کاتی دەوام کراوە."
دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، کاتێک ژنێکی تەمەن 22 ساڵان لە قەزای دەربەندیخان بە ناوی بازرگانیی ئۆنلاین و هاوردەکردنی ئامێری لەیزەری جوانکاری، یەک ملیۆن دۆلاری لە ژمارەیەک هاونیشتمانی وەرگرت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، عەقید شەهاب خزمی ئەو ژنەیە کە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکەیە و گومان دەکرێت هاوکاریی کردبێت لە فریودانی خەڵک و بردنی پارەکانیان. تاوەکو ئێستا چوار سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئەفسەرە تۆمار کراون.
بورهان ئەحمەد، پارێزەری سێ لە سکاڵاکاران، لە (بەرپرسیار) گوتی: "ئەو کچە سەرەتا لە رێگەی پەیجێکەوە کەلوپەلی جوانکاریی فرۆشتووە و دواتر پێشنیازی بۆ کڕیارەکانی کردووە کە لە کارێکی بازرگانیی گەورەدا بەشداری بکەن، گوایە ئامێری لەیزەر لە دەرەوە بە نرخێکی هەرزان دەکڕن و لێرە بە نرخێکی گران دەیفرۆشنەوە."
بە گوتەی پارێزەرەکە، بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک، سەرەتا بڕە پارەی کەم (یەک تاوەکو دوو دەفتەر دۆلار)ی وەرگرتووە و دواتر لە پارەی کەسانی نوێ، قازانجی بەشداربووەکانی پێشووی داوە. پاش کۆکردنەوەی پارە زۆرەکە، ژنەکە بە خاوەن پارەکانی راگەیاندووە، گوایە ئەو کەشتییەی ئامێرەکانی هەڵگرتووە، لە گەرووی هورمز تەقەی لێکراوە و سەرجەم کەلوپەلەکان لەناوچوون.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، تاوەکو ئێستا 5 کەس دەستگیر کراون، لەنێویاندا بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە دەربەندیخان. بە گوتەی بورهان ئەحمەد، پارێزەری سکاڵاکاران، "دۆسیەکە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی دەربەندیخانەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گەرمیان و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
تۆمەتباران بەپێی مادەی 456ـی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە فێڵکردن، راگیراون.
قایمقامی دەربەندیخان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات وریا بن و گوتی: "هیچ کار و کاسبییەک نییە بە خێرایی دەوڵەمەندت بکات. تکایە وانە لەم کەیسانە وەربگرن و پارەکانتان مەخەنە دەستی خەڵکێکەوە، کە جێگەی متمانە نەبێت."

